عەمید دلێر نەجاڕ: ھیچ تۆمەتبارێک لەدەست ھێزەکانی پۆلیس دەرباز نەبووە

هەولێر-KDP.info- ماوەیەکە گۆڕانکاری لە پۆلیسی ھەولێردا دەکرێت و بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێریش ئاشکرای کرد، ئەنجامدانی گۆڕانکاری، سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆیە و دەشڵێت، ھیچ تۆمەتبارێک لەدەست ھێزەکانی پۆلیس دەرباز نەبووە و لای ئێمە کەس لە سەرووی یاساوە نییە.
عەمید دلێر نەجاڕ، بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تا ژیان ھەبێت تاوانیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام ھەر تاوانێک لە سنووری پۆلیسی ھەولێر ئەنجام درابێت ھێزەکانی پۆلیس بەرەنگاری بوونەتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، تاوانبارانیش دەستگیر کراون."
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر ڕوونی کردەوە: "کەس لە سەرووی یاساوە نییە و ھەرکەسێک لە ھەر تاوانێکدا بەشدار بێت بەپێی یاسا دەستگیر دەکرێت و ھیچ تاوانبارێکیش لە دەست ھێزەکانی پۆلیس دەرباز نەبووە و ھێزەکانی پۆلیس بەوپەڕی جورئەتەوە تاوانباریان دەستگیر کردووە و لای ئێمە کەسیش لە سەرووی یاساوە نییە.''
لەبارەی گۆڕانکاریی نێو دەزگای پۆلیسەوە، عەمید دلێر نەجاڕ دەڵێت: "گۆڕانکاری شتێکی ئاساییە و ئەمە سیاسەتی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، ئێمەیش پابەندین بە بڕیارەکانی وەزیری ناوخۆ بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری و ھەر بڕیارێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە دەربکرێت، جێبەجێی دەکەین."
قائید میرۆ




