دەستەی وەبەرھێنان: دوای پێدانی مۆڵەت وردەكارییەكان ئاشكرا دەكەین

هەولێر-KDP.info- ژمارەیەك كۆمپانیای بیانی لە وڵاتی جیاجیا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێ، لە چەندین وڵاتی جیھانەوە وەبەرھێنەر ھاتوونەتە كوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و بەكارھێنانی سەرمایەی بیانی لە ھەرێمی كوردستان.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یەكێك لە سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، گرینگیدانە بە وەبەرھێنانی بیانی و راكێشانی سەرمایەی بیانی بۆ كوردستان، ئەوەش لە رێگەی فەراھەمكردنی دەرفەتی كار بۆ وەبەرھێنانی بیانی تا وەبەرھێنەرانی بیانی بۆ كاركردن بێنە ھەرێمی كوردستان".
بەرپرسەكەی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەڵێت: "پێشتر پلانی ئەمساڵی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان رامانگەیاندبوو، كە پێك ھاتووە لە ھەزار پڕۆژە و ئەولەوییەتیش بۆ كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵە، دەمانەوێ سەرمایەی بیانی لە رێگەی وەبەرھێنەری بیانی بێتە كوردستان و لێرە بەكاری بێنن".
سەلیم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرھێنان ھاتوونەتە ھەرێمی كوردستان و لە وڵاتانی جیاجیای تێدایە، ئێمەیش وەك حكوومەت ئاسانكاری بۆ ھێنانی وەبەرھێنانی بیانی دەكەین و لە ماوەكانی داھاتوو دوای پێدانی مۆڵەت بە كۆمپانیا بیانییەكان، ھەموو وردەكارییەكان ئاشكرا دەكەین".
قائید میرۆ




