٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خەسرۆ گۆران بۆ KDP: باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باس لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەكات و ئاماژە بەوە دەكات، كە تێبینییان لەسەر یاسای هەڵبژاردن هەیە.

خەسرۆ گۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەشێك لە سنووری ماددەی 140 وابەستەیە بە كەركووك و مووسڵ و سەڵاحەددین و دیالە، لە سەرەتاشەوە لە 2005 كە هەڵبژاردن كرا، ئەو ناوچە كوردنشینانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئیدارییەن سەر بەو پارێزگایانەن و لە هەڵبژاردنەكان هەر كەسە و لە چوارچێوەی خۆی دەنگی بە بەربژێری خۆی داوە لە پارێزگای خۆی، بێگومان خانەقین دیارە چەند دەنگدەری هەیە، لە شنگال و كەركووك و مەخموور هیچ گرفتێك نییە بۆ ئەوانە، ئەوەی گرفتە، ئاوارەكانن، چونكە ئاوارەكانی شنگال یان كەركووك و مەخموور لە شوێنی خۆیان نین و دەبێت ئالیەتێك بدۆزرێتەوە، كە بتوانن لەو شوێنانەی نیشتەجێن، دەنگ بدەن".

گۆران گوتیشی: "كورد پارێزگاری لە كورسی و دەنگدەری خۆی دەكات لە سنووری ماددەی 140، بەشێكی زۆر كورسییەكانی كوردیش لەو ناوچانەن، چۆن رێگا دەدەین لە دەستمان بچن، بۆ نموونە لە مووسڵ بەقەد پارێزگای دهۆك كورسیی پەرلەمانی عێراقمان هەیە، لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا سەرۆكی ئەنجومەن هیی كورد بووە لە 2005ـەوە، بۆیە دەمانەوێت كورد لەو ناوچانەدا بە بەهێزی بمێنێتەوە".

ناوبراو راشیگەیاند: "تێبینیمان لەسەر خودی یاسای هەڵبژاردن هەیە، جارێ یاساكە روون نییە و گرفتی هەیە، بۆ نموونە جارێ بازنەكان دیاری نەكراون دەڵێت هەر پارێزگایەك پێك دێت لە چەندین بازنە، بەس چەند بازنە؟ دیار نییە، پێشتر دیار بوو هەر پارێزگایەك بازنەیەك بوو لە رابردوودا، بەڵام لە ئایندەدا دەبێت زیاتر روونی بكەنەوە و بزانین هەر پارێزگایەك چەند بازنەیە، دەبێت ئەمە روون بكرێتەوە، چونكە پارێزگا هەیە ناگاتە ملیۆنێك، پارێزگا هەیە زیاتر لە چەندان ملیۆنە، بۆیە ئەمە پێویستی بە روونكردنەوەی زیاتر هەیە، ئایا ئەمە لەسەر حسابی كورسییە؟ لەسەر دەنگدەرە؟ ئەمە دەبێت یەكلا بكرێتەوە و دواتر بریاری هەڵبژاردن بدرێت".

لەبارەی مەترسیی كەمكردنەوەی كورسیی پارێزگا كوردییەكان، خەسرۆ گۆران دەڵێت: "دەبێ بەپێی ئامار بڕۆن، ناتوانن كورسییەكان كەم بكەنەوە، ئەوەش كە كراوە بەپێی مەزەندە بووە، چونكە 30 ساڵ زیاترە سەرژمێری لە عێراق نەكراوە و وەزارەتی بازرگانییش بەپێی پسوولە ئامار دەردەكات، كە هەر ئامارێك بەكار بێت، دەبێت رەچاوی زیادبوونی رێژەی دانیشتووانی پارێزگاكان بكرێت".

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئەوەشی خستە روو: "لە دواكۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكانی عێراقدا، باس لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كراوە و كازمی دوو جار باسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری روون نەدراوە كەی دەكرێت و چۆن دەكرێت".

سەبارەت بە بەشداریی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكاندا لە سنووری ماددەی 140، ئاماژەی دا: "پارتی لە هەموو ناوچەكان بەشداری دەكات و هیوادارین ئەو ناحەقییەی كرا لە بەرانبەر دەنگدەری ئێمە لە پارێزگای دهۆك و هەولێر دووبارە نەبێتەوە، كە دەنگدەری ئێمە خەڵكی مووسڵ بوون لە كەمپەكان بەداخەوە رێگەیان نەدرا دەنگ بدەن و دەنگی پارتی سووتێنرا، كە ئەگەر حساب بكرابایە، كورسیی پارتی زیاتر دەبوو و پارتییش لە هەموو سنوورەكان بەشداری دەكات".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار