٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" کێشەی ئاوی کەسنەزان چارەسەر دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی و زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان کێشەی کەمئاوی لە ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و شارەدێی کەسنەزان پەیدا بووە. بەڕێوەبەری شارەدێی کەسنەزانیش دەڵێ، کێشەی کەمئاوی لە کەسنەزان کۆتاییی دێت.

سائیب حاجی ھاروون، بەڕێوەبەری ناحیەی کەسنەزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێڵی سێیەمی ئاوی ئیفراز بۆ شارەدێی کەسنەزان دێت و تەنیا چەند ھۆکارێکی تەکنیکی ماون و بە چارەسەرکردنی ئەو ھۆیانەی ماون کێشەی کەمئاوی لە شارەدێی کەسنەزان کۆتاییی دێت، چونکە ھێڵەکان پێکەوە گرێ دراون لەنێو شارەدێی کەسنەزان و تەنیا چەند شوێنێک ماون."

بەڕێوەبەری شارەدێی کەسنەزان گوتیشی: "ئێستا دو ترومپای ئاو کار دەکەن بۆ چەند کاتژمێرێک، ئێمە لە ھەوڵداین ھەردوو ترومپای ئاو بە ٢٤ کاتژمێر لە کاردا بن تا کێشەی کەمئاوی، جارێکی دیکە پەیدا نەبێتەوە."

سائیب حاجی ھاروون ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئێستا ٨٠%ی کێشەی ئاو چارەسەر کراوە و ئەو ٢٠%ی ماوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاو خەریکی چارەسەرکردنین."

لەبارەی ئاوی شارەکانی وەبەرھێنان، ئەوانەی دەکەونە سنووری کەسنەزان، حاجی ھاروون دەڵێت: "شارەکانی وەبەرھێنان سیستەمی خۆیان ھەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئاو لە پڕۆژەی ئیفرازەوە بۆیان دابین ناکرێت، بەلکۆ خۆیان لە ڕێگەی بیرەوە ئیدارەی ئاوی ناو پڕۆژەکان دەکەن."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار