حکوومەت دەرمانی دژە کۆرۆنا بەخۆڕایی بۆ نەخۆشەکان دابین دەکات

ھەولێر-KDP.info- دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی کە لە نەخۆشخانەکان بە پارە دەرمانی دژە کۆرۆنا بۆ نەخۆشان بەکار دەھێندرێت، گوتەبێژی تەندروستیی ھەولێر گوتی، ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە و ھەر نەخۆشێک پێویستی بەو دەرمانە ھەبێت، حکوومەت بەخۆڕایی بۆی دابین دەکات.
بژار مووسا، گوتەبێژی تەندروستیی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماوەی پێنج رۆژە لە سنووری ھەولێر دەرمانی دژە کۆرۆنا، کە هەر لە ھەولێر بەرھەم ھاتووە، بۆ نەخۆشانی کۆرۆنا بەکار دەھێندرێت و تاوەکو ئێستاش بۆ کۆمەڵێک نەخۆش بەکار ھاتووە، بەڵام ھێشتا کاریگەرییەکانی دەرنەکەوتووە و رەنگە لەرۆژانی داھاتوودا کاریگەرییەکانی دەربکەوێت، کە ھەر نەخۆشێک رەنگە بە جۆرێک کاریگەریی لێ بکات".
مووسا گوتیشی: "ھەر نەخۆشێک لە نەخۆشخانەکان پێویستی بەو دەرمانە ھەبێت، بۆی بەکار دەھێنن و دەرمانەکەش بە ھیچ شێوەیەک بە پارە نییە و بەخۆڕاییە و لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، تەنھا ئەوانەی بیانەوێت خۆیان بیکڕن، دەچن لەدەرەوە دەیکڕن، کە دەرمانەکە بە ١٦٥دۆلارە، بەڵام پێویستە دکتۆری پسپۆڕ بڕیاری لەسەر بدات".
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، لە ئێستادا دۆخی ١٠٠ نەخۆش لە شاری ھەولێر بە ھۆی نەخۆشیی کۆرۆناوە جێگیر نییە و بەردەوامیش چارەسەریان بۆ دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




