"ستراتیژیەتی کورد له كابینه‌ی مستەفا کازمی بزانە"

هەولێر-PDK.info- ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دواداچوون له‌سه‌ر پرسی ستراتیژیه‌تی كورد له كابینه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ده‌كات، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نیشتمانی و عێراقییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانیش، باس له شێوه‌ی گفتوگۆكانی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات و ئامانجه‌كانی كوردستان وه‌ك به‌رنامه و ستراتیژیه‌تی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق ده‌خاته ڕوو، پێیشی وایه گه‌وره‌ترین ئه‌گه‌ری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گفتوگۆیه، وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ش ده‌داته‌وه ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه لێکگه‌یشتن چی ڕوو ده‌دات.
ستراتیژیه‌تی كورد له كابینه‌ی مسته‌فا كازمیدا
پێكهاته‌ی كابینه‌ی مسته‌فا كازمی ته‌واو بووه، كورد به چه‌ند وه‌زیرێك به‌شداری له كابینه‌ی حكوومه‌تی عێراق كردووه، گرنگترینیان وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه و پۆستی سه‌رۆككۆماری عێراقه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه، هه‌ولێر و به‌غدا گرفتیان هه‌یه، له‌باره‌ی چه‌ند پرسێكه‌وه تا ئێستا هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌نجام، گه‌وره‌ترین پرسه‌كان بریتین له ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق كه باس له ناوچه كێشەله‌سه‌ره‌كان ده‌كات، به‌تایبه‌ت كه‌ركووك، پرسی نه‌وت و بوودجەش یه‌كێكه له گرفته سه‌ره‌كییه‌كان تا ئێستا لێکگه‌یشتن كراوه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتونه‌ته ڕێككه‌ون، له‌گه‌ڵ پرسی پێشمه‌رگه و سنووری نێوانیان، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ییی ته‌واوی ده‌ربڕیوه بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان، یه‌كێك له خاڵه‌كانی هێڵه گشتییەکانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز مه‌سروور بارزانی، کە له كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یدا هاتووه، ''چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا''یه، دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم، دوو پێشهاتی گرنگ له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ڕوویان دا، یه‌كه‌م: ''بڕینی به‌شه‌بودجه‌ی كوردستان له به‌غداوه كه ساڵی 2019 له سه‌رده‌می عادل عه‌بدولمه‌هدی ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر كرابوو، مانگانه 385 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی كوردستان بكرێت، دووه‌م هه‌ولێر شاندی پێك هێناوه بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و تا ئێستا 4 كۆبوونه‌وه‌ی گرنگ كراوه و كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ش ماوه، لێره‌دا پرسیاری گرنگ دێته پێشه‌وه؟، كورد چی ده‌وێت له عێراق؟ گرفته‌كان چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كرێن؟ قووڵاییی ستراتیژیه‌تی كورد له عێراقی سه‌رده‌می مسته‌فا كازمی چی ده‌بێت؟، به‌ڕێز عه‌لی حوسێن، وه‌ك به‌رپرسی مه‌كته‌بی نیشتمانی و عێراقیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌ڵێت: "ستراتیژیه‌تی ئێمه بوونی ئارامیی سیاسیی و ئابوورییه له عێراق، ئێمه به‌شێكی سه‌ره‌كین له پێكهاته‌ی عێراق، وه‌ك دوو نه‌ته‌وه (عه‌ره‌ب و كورد). كورد نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه، به‌پێی ده‌ستووریش له مادده‌ی 53 له سه‌رده‌می كۆماری له‌دوای حوكمی مه‌له‌كی ددان به كورددا نراوه و دوای نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب كوردیش دێت، دواتر پێكهاته‌كانی دیكه، گرفتی ئێمه له دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقەوە تا ئێستا بریتی بووه له گرفتی عه‌قڵی حوكمڕانی له عێراقدا كه خوێندنه‌وه‌ی دروست بۆ واقعی كوردستان چۆن بكاته‌وه؟ و له شۆڕشه‌كانی كورده‌وه تا ئێستا و له دوای 2003شه‌وه كه عێراقی نۆێ پێك هێنرا، بڕوامان وابووه كه عێراقی نوێ عێراقی هاووڵاتی ده‌بێت، ڕه‌وچاوی مافه ده‌ستووری و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كات. ده‌ستووری عێراقیش ئێمه له ساڵی 2005 ده‌نگمان بۆی داوه وه‌ك كورد و له‌و کاتەی عێراقی نوێ دروست كراوه تا ئێستاش گرفتمان ئه‌وه بووه، ده‌ستوور جێبه‌جێ نه‌كراوه. دووه‌م: كۆمه‌ڵێك مادده‌ی ده‌ستووری هه‌یه ده‌بێت یاسایان بۆ ده‌ربكرێت، ده‌ركردنی یاسا پێویستی به زۆرینه‌ی په‌رله‌مانه، كورد ئه‌گه‌ر هه‌مووشمان یه‌ك بین ناتوانین زۆرینه‌ی په‌رله‌مان بین، ده‌بێت ئه‌و عه‌قڵیه‌تی حوكمڕانه‌ی به‌غدا وا بیر بكاته‌وه هه‌ست به‌وه بكات، ئه‌م وڵاته شه‌راكه‌ته، چونكه جیاوازه له‌وه‌ی به‌شدار بیت و شه‌ریك بیت، ئێمه خۆمان به شه‌ریك ده‌زانین له عێراقی نوێ.
بۆچی كورد گرفتی له به‌هێزبوونه‌وه‌ی عێراق هه‌یه
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی كورد گرفتی له به‌هێزبوونه‌وه‌ی عێراقێكی ناوه‌ندی هه‌یه؟ عه‌لی حوسێن ده‌ڵێت: "هه‌ركاتێك به‌غدا به‌هێز بووبێت و زانیبێتی ناکۆكی لە كوردستان هه‌یه، یان خاڵی لاوازی كوردستانی له‌به‌ر ده‌ست بووبێت، یان هاوكاریی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمیی عێراق كرا بێت، وای لێ كراوه كه گرفت بۆ كوردستان دروست بكرێت، ئێستا ئه‌وه‌ی تێبینیه ئه‌وانه‌ی حوكمی عێراقیان كرد، فه‌شه‌لیان هێنا له حوكمڕانیی عێراق، بۆ نموونه: گرفتیان له‌گه‌ڵ ئێمه هه‌بوو، موزایه‌ده‌یان ده‌كرد، بۆ كۆمه‌ڵێ بابه‌تی دیكه‌ش وه‌ك نه‌وت، گاز، پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت ڕیفراندۆم، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه؟ بۆ هاووڵاتیانی خۆیان چی‌یان كرد؟ ناوچه‌ی سوننەنشین هه‌مووی به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه وێران كراوه، سه‌یری به‌غداد و خوارووی عێراقیش بكه، ئه‌وانیش وێرانن، له ئاو، كاره‌با و ژیانی سه‌ره‌تایی ده‌بینن گوزه‌رانیان چۆنه؟ گه‌لی عێراق له‌و موزایه‌دانه تێر بووه.
كازمی ده‌بێ پابه‌ندی ده‌ستوور بێت
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه تا چه‌ند سه‌رۆكوه‌زیران پێویسته هه‌نگاو بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان بنێت، عه‌لی حوسێن، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: دیاریكردنی مسته‌فا كازمی، چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند بوو بۆ دۆخی عێراق، ئه‌گه‌رنا ڕه‌نگه به‌شێكی زۆری عێراقییه‌كان پێی ڕازی نه‌بن، ساڵی پار خه‌ڵك لێیان هه‌ڵسان، وه‌خت بوو هه‌مووی عێراق ته‌خت بكه‌ن، نوخبه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی عێراق، زانییان خه‌ڵك له‌گه‌ڵیان نییه، ناچار مسته‌فا كازمی به‌ربژێر كرا، ئه‌م پیاوه به خوێندنه‌وه‌ی ئێمه دوو ئه‌زمونی هه‌یه، یه‌كێكیان له ئه‌زموونی ئۆپۆزسیۆن، ئه‌وی دیكه‌ش ئه‌زموونی به‌ڕێوه‌بردنی دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی و خۆیشی له دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی بووه و دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی هه‌یه، له ناویاندا له‌گه‌ڵ كورد، ئێمه ئومێده‌وارین كازمی كۆمه‌ڵێك له گرفته‌كانی عێراق به‌پێی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات و ڕێككه‌وتنه‌كانیش بخاته به‌رنامه‌كانییه‌وه، چونكه ڕێككه‌وتنه‌كانی ئێمه‌ش لەژێر سه‌قفی ده‌ستووری عێراق بووه و ئێمه گه‌شبینین هه‌نگاوی باشیش نراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له داهاتوو بگه‌ینه ده‌رئه‌نجامێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، كه له به‌رژه‌وه‌ندی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه بێت".
گوتیشی: "كاتی خۆی سه‌رۆك بارزانی له به‌غدا بوو، سه‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی حوكم، ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و ته‌نیا ئێمه‌ش نه‌بووین بڕیارمان دا له‌سه‌ر ده‌ستوور، به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستووری عێراق هه‌یانبوو، ئێستا به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كانی عێراق و وڵاتانی هه‌رێمیش پێی ڕازی نین و به‌ئاشكرا ده‌ڵێن له به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بووه و به‌ڕاشكاوانه بیڵێین به‌شێكی زۆری مافه‌كانی ئێمه‌ی تێدا ده‌سته‌به‌ر كراوه، به‌ڵام نه‌مانتوانیوه پێگه‌ی كورد نه له ڕووی ژماره و نه له په‌رله‌مان و نه له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیش كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بوون، ئه‌وه‌نده‌ی له‌گه‌ڵمان بوون ڕازییان بكه‌ین، یان داواكاریمان بگه‌یه‌نین، ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ماهه‌نگین، بێگومان له هه‌ماهه‌نگییه ئێمه زۆرینه نین، تا بتوانین ئیراده‌ی خۆمان بچه‌سپێنین، به‌ڵام هه‌نگاوی زۆر نراوه و كاری زۆر باش كراوه، ئه‌وه‌یشی ماوه‌ته‌وه، ئه‌م هه‌نگاوانه، له ئاستی قیاده‌ی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستانن، نه‌خێر بێگومان".
مسته‌فا كازمی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ یان مسته‌فا كازمی ده‌توانێت هه‌نگاوه‌كانی (سیلاح بیدالدوله) و كۆنترۆڵی سنووره‌كان بكات؟ به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نیشتمانی و عێراقییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتر له‌وبارەیە‌وه قسه ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌پێی ده‌ستوور سه‌قفی زه‌مه‌نی بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ناكۆكیی هه‌ولێر و به‌غدا دیاری نه‌كراوه، ڕه‌نگه به‌شێكی زۆری گرفته‌كانمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كه‌كانی عێراق، له‌سه‌ر ئه‌و سه‌قفه زه‌مه‌نییه بووبێت، ئه‌وان كه جێبه‌جێیان نه‌كردووه، ناچار ئێمه‌ش هه‌ڵوێستمان هه‌بووه، قبووڵمان نه‌كردووه و ڕووبه‌ڕووی لێكترازان بووینه‌ته‌وه و ئه‌و سه‌قفه زه‌مه‌نیه‌ی هه‌بووه له به‌غدا جێبه‌جێ نه‌كراوه، ناشكرێت بۆ ئێستا سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق له مسته‌فا كازمی كۆ بكرێته‌وه، چونكه هه‌ندێكی په‌یوه‌سته به عامیلی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، جیا له‌وه‌ش، كۆمه‌ڵێك پرسی گه‌وره هه‌یه، له‌وانه ئه‌وانه‌ی له‌ناو حكوومه‌تن و له‌ناو حه‌شدی شه‌عبین و له‌ناو دامه‌زراوه‌ی ئه‌منیی عێراقن، بۆ مسته‌فا كازمی ئاسان نییه به شه‌و و ڕۆژێك ئه‌مانه یه‌كلا بكاته‌وه، به‌شێكی په‌یوه‌سته به پێكهاته سیاسییه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه كه تا چه‌ند هاوكاری سه‌رۆكوه‌زیران عێراق ده‌بن؟ به‌شێكی په‌یوه‌سته به كوتله سیاسییه‌كانه‌وه، تا چه‌ند له‌گه‌ڵ ده‌بن؟ و به‌شێكی دیكه‌یشی عامیلی هه‌رێمایه‌تییه، له‌وانه توركیا و ئێران و سعوودیه و ناوچه‌كه به‌گشتی، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك ده‌بن، به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به ململانێی ئه‌مه‌ریكا و ده‌وڵه‌ته‌كانی دیكه‌وه هه‌یه، عێراق كه‌وتووه‌ته ناو ئه‌م گرفتانه‌وه، هه‌موو ئه‌مانه كاریگه‌ری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كازمی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت، یان نا.
ئه‌گه‌ری شكستی عێراق
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه نیشتمانی و عێراقییه‌كانی پارتی، له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری شكستی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق، گوتیشی: "مسته‌فا كازمی كاندیدی ''ته‌سویه‌یه'' به شه‌قام و ئه‌مه‌ریكا و پێكهاته سیاسییه‌كانه‌وه، واته به‌ربژێری هه‌موو لایه‌كه، كاندیدی ته‌وافوقاته، بۆیه هیچ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه، خوازیاری ئه‌وه نییه كازمی شكست بهێنێت، چونكه به‌دیلی ئاسان نییه، ڕه‌نگه ئارامیی سیاسی له عێراق له‌وه زیاتر تێك بچێت، ڕه‌نگه ئه‌م وڵاته به‌ره‌و نائارامیی كۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌ڕی ناوخۆ بڕوات، له لایه‌كی دیكه‌وه ڕه‌نگه ئه‌و هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییه كه بۆ عێراق بكرێت، نه‌مێنێت، به‌ڕاشكاوانه بڵێم، ئه‌مه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژێرخانی عێراق و سیاده‌ی عێراق ده‌كات و ڕه‌نگه ببێته عامیلی نائارامیی سیاسی له ناوچه‌كه، له‌به‌ر ئه‌وه بۆ ئه‌م قۆناغه هه‌موو لایه‌ك ئاماده‌ن كار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیران بكه‌ن، تا ئه‌م قۆناغه تێ په‌ڕێنن كه بریتییه له شه‌ڕی كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی، ئه‌م قۆناغه‌ش به‌ته‌نیا عێراق نییه، چونكه په‌تای (كۆرۆنا) عێراق و جیهانی گرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام عێراق زه‌ره‌رمه‌ندی به‌رچاوه كه ژێرخانی ئابووری به‌و شێوه نییه.
له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ داماڵینی چه‌ك له میلیشیاكان و به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت، عه‌لی حوسێن، ڕایشیگه‌یاند: ئێستا مسته‌فا كازمی هه‌وڵ ده‌دات شوێنه هه‌ستیاره‌كان بخرێنه‌وه ده‌ست ده‌وڵه‌ت، كاریشی بۆ ده‌كات، یه‌كێك له ستراتیژیه‌كانی به‌رنامه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كات، سه‌ركه‌وتوو نابێت و ئه‌مه‌ش پێویستی به هه‌نگاوی ورد و مه‌نتقیانه‌یه، چونكه ئه‌وه‌ش كارێكی ئاسان نییه.
ئه‌گه‌ری ڕێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا
له‌سه‌ر ئه‌گه‌ری ڕێككنه‌كه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ناوبراو ئه‌وه‌ی خسته ڕوو: ده‌رگای دیالۆگ داناخه‌ین، هه‌تا توانا‌مان هه‌بێت له‌گه‌ڵ كازمی به‌پێی ده‌ستوور گفتوگۆ ده‌كه‌ین، به‌پێی ده‌ستووریش، ئه‌گه‌ر كازمی ئاماده نه‌بوو ڕێك كه‌وێت، ئه‌وكاته وه‌ك كوردستان، بانگه‌وازمان بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێت، بۆ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ڕای گشتیی عێراق و كوردستان ده‌بێت تا ڕۆڵیان هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی فشار له به‌غدا بكه‌ن، چونكه ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی هه‌یه، په‌یوه‌ست نییه به ته‌نیا به‌غدا و كوردستانه‌وه، په‌یوه‌سته به ئارامیی ناوچه‌كه و عێراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییشه‌وه، چونكه بینیمان بۆ شه‌ڕی داعش، كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی هاته سه‌رخه‌ت و به‌رپرسیاریه‌تیی گرته ئه‌ستۆ، بۆیه ده‌بێت به‌غدا بێته‌وه سه‌رخه‌ت، چونكه ئه‌م پرسه، هه‌رته‌نیا ئه‌وه نییه لایه‌ك خۆی پێی حه‌قه و لایه‌ك خۆی پێی ناحه‌قه، ئێمه ده‌ستوورمان هه‌یه و ڕێككه‌وتنی سیاسیمان هه‌یه، له‌ژێر چه‌تری ده‌ستوور ده‌بێت مامه‌ڵه بكه‌ین".
مه‌ترسیی داعش
له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانی تیرۆر له عێراقیش. عه‌لی حوسێن، ڕایگه‌یاند: ده‌رفه‌ت دروستكردن بۆ نه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كتری، گه‌وره‌ترین مه‌ترسییه له عێراق. له ئه‌نجامی نه‌خوێندنه‌وه به‌شێك له پێكهاته‌ی عێراق، ڕێكخراوی تیرۆرستیی قاعیده دروست بوو، دواتر داعش، ده‌ره‌نجامی نه‌خوێندنه‌وه‌ی پێكهاته‌كانی عێراقیش كاره‌سات دروست بوو، له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته هه‌ڵه بوو كاره‌سات له عێراق دروست بوو، ئه‌گه‌ر داعش له ڕووی سه‌ربازییه‌وه زیانی گه‌وره‌ی پێ گه‌یشتبێت، به‌ڵام وه‌ك بیر و فكره و وه‌ك شانه‌ی نووستوو ده‌بینرێت. ڕه‌نگه به‌هۆی ئه‌م سیاسه‌ته‌وه به‌ناوی داعش نه‌بێت، به‌ناوی دیكه گرووپی دیكه دروست بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر خوێندنه‌وه‌ی دروست بۆ واقعی پێكهاته‌ی عێراق نه‌كرێت. ڕه‌نگه ئه‌وكاته‌ش كورد و سوننه و شیعه و توركمان, كریستیان هه‌ست نه‌كه‌ن، له‌م وڵاته‌دان، ڕه‌نگه ناڕازییه‌كان به شێوه‌ی دیكه سه‌ر هه‌ڵبده‌نه‌وه، ئه‌وجار، له‌ناو عه‌ره‌بی سوننه نه‌بێت، ڕه‌نگه له‌ناو توركمان بێت، ڕه‌نگه له‌ناو خودی شیعه‌كان بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له خۆپێشاندانه‌كان ده‌بینین، یان له ناوچه سوننه‌كان كه زه‌مینه له‌بارتره بۆ سه‌رهەڵدانی ناڕازی, ڕه‌نگه عێراق به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی دیكه بڕوات، خراپتر بێت، له‌وه‌ی چاوەڕوان ده‌كرێت، هه‌رچه‌نده له ئاستی سه‌ربازی كۆنترۆڵ كراوه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ڕابردوو دووباره ده‌بنە‌وه؟ ئه‌و نه‌خوێندنه‌وه‌یەی یه‌كتری به‌رده‌وام ده‌بێت؟ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێت بێگومان گرفت سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه.
پۆسته‌كانی كورد له به‌غدا
دەرباره‌ی پۆسته‌كانی كورد له به‌غدا گوتی: "به‌داخه‌وه به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراقه‌وه، پۆسته‌كانی كورد نه‌دراون، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندیی به عه‌قڵیه‌تی تاكڕه‌وی حوكمڕانییه‌وه هه‌بووه، به‌داخه‌وه بڕیاری عێراق تاكڕه‌وانه دراوه، به‌تایبه‌ت له كابینه‌ی پێشوو، له سه‌رده‌می نووری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادیش به تاكڕه‌وی مامه‌ڵه كراوه، كورد له زۆر شوێن له پۆسته‌كان %1 نییه، له هه‌ندێك شوێن سفره، له زۆر شوێن هه‌ر نییه، ئه‌مه ده‌بێت ئه‌وانه‌ی موتابه‌عه‌ی عێراق ده‌كه‌ن، تا عێراق ئارام بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كان، ده‌بێت فشار له به‌غدا بكه‌ن تا ڕه‌چاوی مافی كورد بكات، به‌بێ ئه‌مه ئارامی دروست نابێت، خاڵێكی دیكه‌یش، كورد خۆی له ناوخۆیدا كۆك نه‌بووه، ئه‌گه‌ر له‌ناو حكوومه‌ت ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت، به‌ڵام له به‌غدا خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه و ئه‌مه پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه و مه‌سه‌له‌ی خاكه، په‌یوه‌سته به كورد، ئه‌مه په‌یوه‌ست نییه به حزبێكی دیاریكراو، بۆیه ده‌بێ له‌م بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانەدا ده‌نگمان بكه‌ینه یه‌ك."
كارزان سه‌باح هه‌ورامی




