٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" دەستکەوتێکی گەوەرەیە زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ"

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info-‌ دوێنێ مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی قەزای زاخۆی کرد و ڕایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ و نوێنەرێکی زاخۆش لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەڵێ، بەھۆی پێگەی جوگرافیەوە زاخۆ تایبەتمەندیی خۆی ھەیە.

دلمان سندی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەر قەزای زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ سوودی بۆ ھەموو پارێزگای دھۆک دەبێت نەک تەنیا بۆ زاخۆ، چونکە ئەو بارگرانییەی لەسەر ئیدارەی پارێزگای دھۆک ھەیە کەمتر دەبێتەوە، چونکە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی دھۆک زیاتر کار بۆ قەزاکانی دیکە دەکەن و لە زاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی دەکرێنەوە و لە ھەردوولاوە سوودی دەبێت."

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک دەڵێت: "دوێنێ لە سەردانەکەی بۆ زاخۆ، مەسروور بارزانی جارێکی دیکە جەختی کردەوە کار بۆ ئەوە دەکەن زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ، ئەمەش ھەنگاوێکی گرینگە بۆ خەڵکی زاخۆ و پارێزگای دھۆک بەگشتی."

دلمان سندی ڕوونی کردەوە: "زاخۆ دەروازەی ھەرێمی کوردستانە لەھەمبەر وڵاتانی جیھان و گرینگدان بە زاخۆ زیاتر تایبەمەندیی خۆی، جگە لەوەش، لە ڕووی سنووری جوگرافی و ڕێژەی دانیشتووانەوە قەزای زاخۆ بکرێتە ئیدارەی سەربەخۆ زیاتر خزمەتی خەڵکەکەی دەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر لە زاخۆ بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانان ھەبێت ئەوە لە زۆر ڕووەوە ھاووڵاتیان و ئیدارەی زاخۆ ناگەڕێتەوە بۆ دھۆک و کارئاسانییەکی ئێکجار زۆر دەکرێت.

زاخۆ لە ساڵی ١٨٦٤ بووەتە قەزا و بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٨ ژمارەی دانیشتووانی قەزای زاخۆ زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار کەسە و بەھۆی ھەبوونی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم خەلیلەوە پێگەیەکی گرینگی ئابووریی لە عێراق و کوردستان ھەیە.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار