٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەت بە بڕی ٥٠ ملیار دینار پڕۆژە لە سنووری زاخۆ ئەنجام دەدرێن

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی قەزای زاخۆی كرد، پارێزگاری دھۆكیش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە میانی سەردانەكەیدا، سەرۆكی حكوومەت بڕیاری دا كە بە بڕی ٥٠ملیار دینار پڕۆژە بۆ سنووری قەزای زاخۆ ئەنجام بدرێن.

پارێزگاری دھۆك، عەلی تەتەر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی زاخۆی كرد و پێش ماوەیەك دیراسەكرابوو، كە ئەو پرۆژانەی پێویستن و پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە ھەیە و داواكاریی خەڵك بوون، پێویستیان بە ٥٠ملیار دینار ھەبوو، كە ئەو پڕۆژانە و پڕۆژەكانی دیكەش بەسەر ھەموو ناوچەكانی سنووری زاخۆ دابەش كراون و یەكێك لەو پڕۆژانەش شەقامی نێوان زاخۆ و ئیبراھیم خەلیل و تەواوكردنی شەقامی ئیبراھیم خەلیل بۆ دێرەبینە لەگەڵ ئەو پڕۆژەی لە چیای سپی بۆ گەمبێل و پڕۆژەیەكی دیكەشە كە ئەویش ئاوی باتیفایە، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە و كێشەی كەمئاویی ئەو ناوچەیە بە تەواوی چارە دەكات".

تەتەر گوتیشی: "كێشەیەكی دیكە لەناو شاری زاخۆ ھەبوو، كە خەڵك داوای دەكرد ئەویش شەقامی زاخۆ بۆ زانكۆی زاخۆ بوو، كە ئۆڤەرپاسی نەبوو و ئەویش لەسەر داوای خەڵك جێبەجێ دەكرێت و دەیان پڕۆژەی دیكەشن كە پەیوەندییان بە ئاو و كارەبا و تەندروستی و پەروەردە و قیرتاوكردنی چەندین كۆڵان و چارەسەركردنی كێشەی ئاوی چەند گەڕەكێك و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ شوقەكانی خەڵكی كەمدەرامەت و چارەكردنی كێشەكانیان".

دەشڵێ: "ھەر سێ ناحیە و قایمقامیەتی زاخۆ ئەو پڕۆژانەی كە بە پێویستیان زانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رەزامەندیی لەسەر ھەموویان دا و ئەو پڕۆژانەش كە درێژخایەنن، ئەوانیش لە بەرچاو دەگیرێت و بەردەوامییان پێ دەدرێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار