ئاماری شەش مانگی بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان بزانە

ھەولێر- KDP.info - کەم کەس ھەیە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکانی ھەولێری نەکردبێت، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ڕووی خزمەتەوە بۆ هاووڵاتیان ڕۆڵێکی بەرچاوی ھەیە، بەڕێوەبەری ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەڵێ، ئەوەی لە توانایاندا بووە کردوویانەوە و بە داتاوە ئاماری شەش مانگی ڕابردووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی دەخاتە ڕوو.
کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ بوو، سەرباری مەترسیی کۆڕۆنا، کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان بە تەواوی ستافەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیان لە ئەرکدا بوون، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کە سەر بە فەرمانگەی تەندروستیی ھەولێرە، مێژووی دامەزراندنی وەک یەکەی لیژنە پزیشکییەکان بۆ ساڵانی ١٩٨٠ دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٨ لە یەکەیەکی لیژنە پزیشکییەکان بوو بە بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان، دکتۆر محێدین شەریف، ئاماری شەش مانگی ڕابردووی لە ڕێکەوتی ٢- ١- ٢٠٢٠ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تا سەرەتای مانگی حەوت، خستە ڕوو، بەم شێوەی خوارەوە:
- لیژنەی ھاژووتن بە مەبەستی پشکنین بۆ (چاو، جەستە، بیستن و زمان) کە ئەم لیژنەیە بۆ دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێرییە، ئەم لیژنەیە لە ڕێکەوتی ٢ی١ی٢٠٢٠ تاکو کۆتاییی مانگی شەش، ٢٢ ھەزار و ٣٧٥ کەس سەردانیان کردووە.
- لیژنەی ھەمیشەیی بۆ ڕاپۆرتی پزیشکی، وەک مۆڵەتی نەخۆشی، یاخود ھەر ڕاپۆرتێک لەبارەی تەندروستییەوە بێت، ئەو کەسانەی سەردانی ئەو لیژنەیان کردووە و ڕاپۆرتیان پێ دراوە ٣ ھەزار و ٩٢٥ کەس بوونە.
- لیژنەکانی دەروونی، مێشک و دەمار، وەک مۆڵەتی نەخۆشی، یان پێدانی ڕاپۆرتی نەخۆشییەکانی دەروونی و، مێشک و دەمار، کە ئەو کەسانەی ڕاپۆرتیان پێ دراوە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا ھەزار و ٢٧٥ کەس بوونە.
سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە، د. محێدین شەریف قرتاس، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان، دەڵێت: "ئەم بەڕێوەبەرایەتییە پێک ھاتووە لە کۆمەڵێک لیژنەی پزیشکی، وەک لیژنەی پزیشکیی ھەمیشەیی، تەندروستیی قوتابخانەکان، خەملاندنی تەمەن، مۆڵەتی شۆفێری، دەروونی، مێشک و دەمار، لەگەڵ لیژنەی دامەزراندن، ھەروەھا لایەنی یاسایی و ئیداری و کۆمەڵێک گرفتی وەزارەتەکانی حکوومەتی ھەرێم لە ڕووی ڕاپۆرتی تەندروستی بۆ فەرمانبەران چارەسەر دەکات، واتا لە ھەر وەزارەتێکی حکوومەتی ھەرێم ئەگەر کێشەیەکیان ھەبێت و پێویستی بە یەکلاکردنەوەی لیژنەی پزیشکییەوە ھەبێت لێرە چارەسەری ئەم کێشەیە دەکرێت."
دکتۆر محێدین، ئاماژیشی بەوە کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر بۆ پشکنینی چاو بە مەبەستی مۆڵەتی شۆفێری مامەڵە لەگەڵ ڕاپۆرتی تەندروستیی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە دەکات، ئەو کەسەی داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکات لایەنی تەندروستی و جەستەیی و سەلامەتیی عەقلی تێدا بێتن، لێرەدا پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت.
سەبارەت بە لیژنەی پزیشکیی ھەمیشەیی، د. محێدین شەریف ڕوونی کردەوە کە ئەو داواکاریانەی لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دێت، سەبارەت بە دیاریکردنی باری تەندروستی ئەو کەسانەی کە لایەنی تەندروستی و جەستەییان بۆ دیاری بکرێت، یاخود بۆ ھەر مەبەستێکی تر بێت، لێرە چارەسەر دەکرێت، یاخود فەرمانبەر سەردانمان دەکات بۆ وەرگرتنی مۆڵەت، ئەگەر مۆڵەتەکە بۆ بەخێوکاری بوو، یانیش دایکایەتی، یاخود بۆ مۆڵەتی کاتی بێت، لێرەدا مامەڵەکانیان بۆ جێبەجێ دەکرێت، ھەروەھا ئەم لیژنەی پزیشکی ھەمیشەییەش دابەش دەکرێت بۆ چەند بەشێکی تر، واتە لیژنەی پزیشکیی شکست و جەستەیی، یاخود تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان، یان لیژنەی پزیشکیی ھاوسەرگیری.
ھاوکات بەپێی قسەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان، دووەمین لیژنە کە جەنجاڵترین لیژنەی پزیشکییە و زۆرینەی سەردانیکەران لەو جۆرەن، ئەویش ئەوانەن کە داوای مۆڵەتی شۆفێری دەکەن بۆ پشکنینی چاویان، ئاماژەی بەوەش کرد کە کاری ئەم لیژنەیە لە ئێوارانیش بە ڕووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە؛ لە کاتژمێر ٣ تا ٥:٣٠ ئێوارە.
ھەروەھا پەیوەست بە لیژنەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، ناوبراو ڕایگەیاند: "ئەم لیژنەیە تایبەتە بەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستیی تایبەتن و وردەکارییەکانیان لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی بۆ دێت، ئەوانە باری دەروونی و جەستەیییان بۆ دیاری دەکرێت و پلەی پێویستیان پێ دەدرێت بەپێی ئەو خشتەیەی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتەوە پەسەند کراوە، ئێمە بەو خشتەیە پلەی بەرکەوتەیان پێ دەبەخشین و دواتر داواکاریەکانیان ڕەوانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان، بەڵام لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە مەبەستی چاکسازی، حکوومەتی ھەرێم بڕیاری دا پاکسازی بکرێت لەو کەسانەی کە کەمئەندامن، لە نێوان٣٥ ھەزار بۆ ٤١ ھەزار کەس لە سنووری پارێزگای ھەولێر پشکنینی بۆ کراوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکیەکان دەڵێت، ئەم بەڕێوەبەرایتیە ڕۆژانە بەم بارودۆخەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە ھەموو لیژنەکانەوە لە نێوان ٣٠٠ تا ٤٠٠ کەس سەردانی دەکات کە ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە، وەک خۆیشی دەڵێ، ئەوەی لە توانایاندا بووە کردوویانەوە بەردەوامیش دەبن لە جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان.
سەبارەت بە بینای بەرێوەبەرایەتییکە تێبینێ ئەوەکرا کە باخچەیەک نییە بۆ نەخۆشان لەوێدا کە بۆ سەقامگیری دەروونیان زەروورە، لەگەڵ نەبوونی گۆڕەپانێکی گونجاو بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل کە شوێنەکە بە دووری چەندین کیلۆمەتر گۆڕەپانێکی وەستانی ئۆتۆمبێلی لێ نییە لە دەرەوەی بینایەکە کە ئەوکەسەی سەردانی ئەم شوێنە دەکات، ئۆتۆمبێلی لێ بوەستێنێ لەم بارەیەوە ناوبراو دەڵێ، شوێنی بەڕێوەبەرایەتیی لیژنە پزیشکییەکان گونجاو نییە بۆ ئەوەی لە سەداسەد ڕێنماییە پزیشکییەکان جێبەجێ بکەن و، دەشڵێت، شوێنی جوگرافیا و ھەڵکەوتەی بەڕێوەبەرایەتەکەمان لە ناوەندی شارە کە فەرمانبەر و سەردانیکەرەکانمان بەئاسانی دەستیان پێ دەگات، لەبەر ئەوەی لە شوێنێکی زۆر جەنجاڵی شارە.
پەیوەست بە بینای ئەم فەرمانگەیش د. محێدین ڕایدەگەیەنێت، کە کۆنترین بینای ئەم شارەیە کە لە ساڵەکانی ٦٠ و ٧٠کانەوە دروست کراوە، بۆیە ئێمە ھەموو ئامانجمان ئەوەیە کە ئەو هاووڵاتیانەی سەردانی ئەم بەڕێوەبەرایتیە دەکەن تووشی ئەزیەت و ئازار نەبن، چونکە ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ھۆڵی چاوەڕوانی و باخچە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلی نییە.
ناوبراو ئاماژە بە کەمیی فەرمانبەرانی دەکات و پێی وایە ژمارەی فەرمانبەرانیان بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمە، ئەو نموونە بۆ شەڕی تیرۆریستانی داعش دێنێتەوە کە زۆربەی دامەزراوەکانی تری حکوومەت لە ھەفتەیەکدا ٢ ڕۆژ دەوامیان دەکرد، بەڵام ئەوان بە بەردەوامی و بە ڕۆژی شەمەیشەوە بگرە واتە لە حەفتەیەکدا شەش ڕۆژ دەوامیان بە فەرمانبەرەکانیان كردووە و لەبەر کەمیی ژمارەشیان ناتوانن دەستبەرداری یەک تاکە فەرمانبەریش بن لە ڕۆژێکدا.
ھەڵکەوت محەمەد





