هوشیار فەریق: پڕۆژەکانی دھۆک کاریگەرییان لەسەر دەرفەتی کار دەبێت

دهۆک-KDP.info- بەپێی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کارکردن لە پڕۆژەکانی دھۆک بەردەوامە و بەرپرسێکی ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێ، پڕۆژەکان کاریگەرییان لەسەر پەیداکردنی دەرفەتی کار دەبێت.
هۆشیار فەریق، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ژمارەیەک پڕۆژە لە سنووری پارێزگای دھۆک ئەنجام دەدرێن و لەوانەش بەشێکی پڕۆژەکان لەنێو سەنتەری شاری دھۆکن و بە تەواوبوونیان شاری دھۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەی ڕێگەوبانەوە، ھەروەھا ژمارەیەک پڕۆژەی نوێ بڕیارە لە بوارەکانی خزمەتگوزاری جێبەجێ بکرێن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ئاوەدانی لە دھۆک دەبێت."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دەشڵێت: "سەرەڕای ڕەوشی تەندروستی بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی ھاتوچۆوە کارکردن لە بەشێکی زۆری پڕۆژەکان بەردەوامە و تا تەواوبوونیان کاریان تێدا دەکرێت".
دەربارەی ئەو پڕۆژەیەی ئەمڕۆ لە دھۆک بەردی بناغەکەی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە داندرا، هۆشیار فەریق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی دەڤەری پیشەسازیی خۆراک کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر ڕەوشی بێکاری لە شاری دھۆک، چونکە دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت، ڕاستە وەک سەرۆکوەزیران ئەمڕۆ ئاشکرای کرد خێرەکەی بۆ ھەموو کوردستانە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی پڕۆژەکە لە دھۆکە سوودمەندی یەکەم خەڵکی دھۆکن.''
قائید میرۆ




