عەبدولواحید ئەحمەد: لیژنەیەک لە پارێزگا بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێک ھاتووە

هەولێر-KDP.info- خانووی زێدەڕۆ لە سنووری سەنتەری شاری ھەولێر تاپۆ دەکرێن و سەرۆکی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێت، لیژنەیەک پێک ھاتووە و ھەرکەسێکیش زێدەڕۆیی بکاتە سەر زەویی حکوومەت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
عەبدولواحد ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەک لە پارێزگای ھەولێر بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێک ھاتووە و بەگوێرەی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ ھەموو ئەو خانووانەی بەرلە ساڵی ٢٠١٩ لەسەر مڵکی حکوومەت بە زێدەڕۆ دروست کراون، تاپۆ دەکرێن."
سەرۆکی شارەوانیی ھەولێر گوتیشی: "پێویستە لە ماوەی چوار مانگدا ھاووڵاتیی خاوەن خانوو داواکاری پێشکەش بە لیژنەکانمان بکات تا بەپێی یاسا پڕۆسەی تاپۆکردنی بۆ بکرێت."
پەیوەست بە بەردەوامیی زێدەڕۆیی بۆ سەر زەویی حکوومەت، عەبدولواحید ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرکەسێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر زەویی شارەوانی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت و زێدەڕۆییەکەی تێک دەدرێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، لەبەر ئەوەش، بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین، خەڵکێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر مڵکی حکوومەت."
قائید میرۆ




