سەفار: بەغدا دەستی بە قەرزكردن كردووە.. ھەرێمیش بەشی لەو قەرزانە ھەیە

بەغدا-KDP.info- بریاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، بەغدا دەستی بە قەرزكردن كردووە بۆ مووچە و پشكی ھەرێمی كوردستانیش لەو قەرزە ھەیە، كە بڕیارە بۆ ئەمساڵ رێككەوتنێكی كاتی بكرێت بۆ ئەوەی ھەرێم بەشێك لە نەوت و داھاتی خۆی بداتە بەغدا و ئەوانیش بڕێك پارە بۆ ھەرێم رەوانە بكەن، لە ئێستاشدا تەنھا لەسەر بڕی پارە ماوە بگەنە رێككەوتن و بۆ ساڵی داھاتووش رێككەوتنێكی درێژخایەن واژۆ دەكەن.
د. ئەحمەد سەفار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "حكوومەتی عێراق دوای ئەوەی پەرلەمان پڕۆژەیاسایەكی پەسەند كرد بۆ ئەوەی بتوانێ قەرز بكات، لە ئێستادا دەستی بە قەرزی ناوخۆیی كردووە و ھەشت ترلیۆن دیناری لە بانكی ناوەندی و حەوت ترلیۆنیشی لە بانكە ناوخۆییەكان قەرز كردووە، ئەمەش بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و خۆراكی مانگانە و دەرمانە و، بڕیاریشە پێنج ملیار دۆلاریش لە دەرەوە قەرز بكەن كە لەوەش ١٥% بۆ ئەو پڕۆژانەیە كە وەستاون، بەڵام ھێشتا ئەوەیان نەكردووە".
سەفار گوتیشی: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بەشی لەو قەرزانە ھەیە، بەڵام پێویستە رێككەوتن لە نێوان ھەرێم و بەغدا بكرێت و بڕیارە حكوومەتی ھەرێم و بەغدا بۆ ئەو پێنج مانگەی ماوە رێككەوتنێك بكەن و دواتر رێككەوتنێكی درێژخایەن بۆ ساڵانی داھاتوو بكەن، بۆ ئەوەی بەردەوام كێشەكان دووبارە نەبنەوە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "بڕیارە حكوومەتی ھەرێم بەشێكی نەوت و بەشێكی داھاتی ناوخۆ بداتە بەغدا و ئەوانیش بڕێك پارە بدەنە ھەرێمی كوردستان تا كۆتایی ئەمساڵ بۆ مووچە و، لە ئێستاشدا تەنھا لەسەر بڕی پارەكە ماوە بگەنە رێككەوتن و ھەركاتێك گەیشتنە رێككەوتن، مووچەی ھەرێم رەوانە دەكرێت، چونكە ناكرێت ساڵانە ئەو كێشەیە دروست بێت و پێویستە رێژەیەك پارە بۆ ھەرێم دریاری بكرێت لەبەرامبەر ئەو مەرجانەی لەسەری دەگەنە رێككەوتن، بۆ ئەوەی ساڵانە بەشەبودجەی ھەرێمی كوردستان بێ كێشە رەوانە بكەن".
بڵند ئیبراھیم




