لەم هەفتەیەدا بەردی بناغە بۆ گەورەترین پڕۆژەی پیشەسازی لە كوردستان دادەنرێت

هەولێر-KDP.info- لە ماوەی یەك ساڵدا، دەستەی گشتیی وەبەرھێنان دەیان پڕۆژەی وەبەرھێنانی پەسەند كردووە، بەرپرسێكی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش ئاشكرای كرد، لەم هەفتەیەدا پڕۆژەیەكی گەورەی پیشەسازی بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت.
موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای مانگی ٧ی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا لە دەستەی گشتیی وەبەرھێنان ٢٢٠ پڕۆژە پەسەند كراون، واتە ئەو كەسانەی پڕۆژەیان ھەبووە و پێشكەش كراون و لەلایەن دەستەوە پەسەند كراون، كە دواتر رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار دەكرێن، بۆ نموونە ئەگەر پڕۆژەكە پیشەسازی بێت، دەچێتە لایەنی پیشەسازی، ئەگەر كشتوكاڵی بێت، دەچێتە وەزارەتی كشتوكاڵ".
بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕیی دەستەی وەبەرھێنان دەشڵێت: "لەو ٢٢٠ پڕۆژەیەی پەسەند كراون لەلایەن حكوومەتەوە، پڕۆژەكان لە زۆربەی كەرتەكاندا پەسەند كراون و جێگەیان كراوەتەوە، بەڵام زیاتر لە ٦٠ پڕۆژەیان لە ھەردوو كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵ بووە و پشكی شێریان بەركەوتووە".
موخلیس روونیشی كردەوە: "لەم هەفتەیەدا بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی گەورەی پیشەسازی لە ھەرێمی كوردستان دادەنرێت، بەڵام وردەكاری ئاشكرا ناكەین تا پڕۆژەكە دەكرێتەوە و بەردی بناغەی بۆ دادەنێرێت، وەلێ پڕۆژەیەكی گەورەی وەبەرھێنانە و گرنگیی خۆی دەبێت".
قائید میرۆ




