٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتیی باج: فێڵێكی زۆر دەكرێت.. رێگە نادەین كەسێك خۆی بدزێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی باج لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پێداچوونەوە و رێكخستنەوە بە باج لە ھەرێمی كوردستاندا دەكەن، بۆ ئەم باجدانەش زیاتر تەركیز لەسەر خاوەن باڵاخانەی گەورە و خاوەن كۆمپانیاكان دەكەن، كە فێڵێكی زۆر دەكەن و خۆیان لە باجدان دەدزنەوە، بۆیە ئەگەر پێداچوونەوە بە باجدا بكرێت، داھاتێكی زۆر بۆ حكوومەت دەگەڕێتەوە.

كەمال وەرتێ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو باجەی لە ھەرێمی كوردستان وەردەگیرێت، بەراورد بە وڵاتان و بەغداش، زۆر كەمترە و زۆرێك لەوانەی داھاتێكی كەمیان ھەیە یان دیاریكراوە، ھەر باج نادەن، چونكە بەشی بژێویی ژیانی خۆیان ناكات و ئێمە دەمانەوێت پێداچوونەوە بەو شوێنانە بكەین كە باڵاخانە و كۆمپانیای گەورەن و خواپێداو و دەوڵەمەندن تا باج بە تەوای بدەن ،بۆیە دەمانەوێت بە جۆرێك رێكی بخەینەوە كەس نەتوانێ خۆی لە باجدان بدزێتەوە".

وەرتێ گوتـیشی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەوانەی كەمدرامەتن زیاتر ھاوكاری بكرێن نەك باجیان لێ وەربگیرێت، بەڵام بۆ نموونە سەرتاشێك یان نانەواخانەیەك باج لەسەریان یاخود نییە یانیش رێژەیەكی زۆر كەمە و كاریگەری لەسەریان نابێت، بۆیە لەسەر شوێنە گەورەكان تەركیز دەكەین، بۆ ئەوەی بزانین داھاتی راستەقینەی ئەوان چەندە، چونكە شوێنە گەورەكان و موڵكەكان و كۆمپانیاكان داهاتیان بە كەمی دەنووسن، بۆ ئەوەی خۆیان لە باج بدزنەوە و شوێن ھەبووە باجێكی كەمی ساڵانە داوە، بەڵام دوای پێداچوونە وە دەركەوتووە، پێوست بووە ١٥ملیار دینار باج بدات".

دەشڵێ: "ئێمە لە باڵاخانە و كۆمپانیا گەورەكان دەست پێدەكەین، چونكە دوكان ھەیە ١٠٠ھەزار دینار كرێی نوسیووە، كەچی دەركەوتووە بە ٥٠٠ھەزار دیناری داوە، یان ھەبووە بە یەك دەفتەر دۆلاری داوە و نوسیوویەتی بە ٥٠٠دۆلار داویەتی بە كرێ بۆ ئەوەی باج نەدات، بۆیە رێكخستنەوەی تەواوی بۆ دەكرێت و لە ئێستاشدا كە ساڵانە پارەیەكی كەم بۆ حكوومەت دێت لە باج، ئەوكات دەبێتە داھاتێكی زۆر باش بۆ حكوومەت".

ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ئێمە قورسایی باج ناخەینە سەر كەمدرامەتەكان، بەڵكو دەیخەینە سەر خاوەن باڵاخانەی گەورە و كۆمپانیای گەورە، بۆ ئەوەی ھەم سوودیان بۆخۆیان ھەبێت و ھەمیش بۆ حكوومەت، چونكە ناكرێت خۆیان لە باجدان بدزنەوە و پێویستە باج بدەن و بە ھیچ شێوەیەكیش ناكرێت بەسەریاندا دەرباز بێت".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار