پێوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە کونسووڵی فەخریی کۆماری قوبرس کرد

ھەولێر-PDK.info- هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە کونسووڵی فەخریی کۆماری قوبرس کرد.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە میانی پێشوازیکردنیان لە دکتۆر ئیبراهیم سندی، کۆنسووڵی فەخریی کۆماری قوبرسی یۆنانینشین هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ڕاپەڕاندنی ئەڕکەکانی وەک کۆنسووڵی فەخریی کۆماری قوبرس لە هەرێمی کوردستان و هەوڵ و پشتگیرییەکانی کۆماری قوبرسی لە پشتگیری و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەرز نرخاند و هیوای خواست لە ئایندەدا ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان کوردستان و کۆماری قوبرس لە بەرژەوەندیی هەردوو لادا بێت.
لە لایەکی تریشەوە بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیشی بۆ کۆنسووڵی فەخریی کۆماری قوبرس خستە ڕوو، بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لە هەموو ئاستێکدا، بەتایبەتی بۆ ئاڵوگۆڕی شاند لە نێوان هەردوو لادا لە بواری سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیری و گەشەپێدان و لە چەندین بواری جێی بایەخی نێوان هەردوو لا کە بە سوود و بەرژەوەندیی هەردوو گەڵی کوردستان و قوبرسدا بشکێتەوە. پەیوەندییەکانی دەرەوەی (پ.د.ک) سوپاسی هەموو پشتگیری و هاوکارییەکانی حکوومەتی قوبرسی کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ساتی شەڕی داعشدا کە مەترسییەکی یەکجار گەورە بوو بۆ سەر هەرێمی کوردستان و گەڵانی ناوچەکە و جیهان.
لە کۆبۆنەوەکەدا دکتۆر زانا خەفافیش ئامادە بوو کە چالاکە لە کارکردن لەگەڵ دەزگاکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە پشتگیریکردنی دامەزراوەکانی سەر بە (یۆ- ئێن. ئەی ) لە بواری هاوکاریی مرۆیی و مافەکانی ئافرەتان و منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها بەنیازن لە ئایندەیەکی نزیکدا چالاکییەکانی (یۆ.ئێن .ئەی) فراوانتر بکەن بە ناوی:
لە ئۆفیسێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵدا (United Nations Association) .
کۆنسووڵی فەخریی کۆماری قوبرس هیوای خواست دوای کەمبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی (کۆڤید -١٩) پەیوەندییە دووقووڵییەکان زیاتر بن و گەشەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری قوبرس بدرێت کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ئاستی باڵا شاندی قوبرسی سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە دیدارەکەدا بە فراوانی گفتۆگۆیەکی تێروتەسەڵ کرا لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، شەڕ و قەیران لە ناوچەکەدا و کاریگەرییەکانی پەتای (کۆڤید -١٩) لەسەر پەیوەندییەکانی دەرەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بازرگانی و سەرجەم کەرتەکانی تر و بەتایبەتی گوزەرانی ژیانی خەڵک لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان و هیوایان خواست جیهان بەگشتی زاڵ ببێت بەسەر مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەدا و ژیان و چالاکیی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئاسایی ببێتەوە.
لە ساڵی ١٩٧٤ ناکۆکییەکانی نێوان ئەتێن و ئەنکارا گەیشتنە ئاست شەڕ و تێکهەڵچوونی سەربازیی نێوان هەردوو وڵات کە بەهۆیەوە کۆماری قوبرس بوو بەهۆی دابەشبوون و کەرتبوونی قوبرسەوە بەسەر دوو کەرتی تورکنشینی باکوور و ڕۆمی – یۆنانینشین و، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دان بە بەشی باشووری کۆماری یۆنانینشینی قوبرسدا نراوە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەفەرمی ناسراوە و ئەندامێکی چاڵاکە لە یەکێتیی ئەوروپا و چەندین دامەزراوەی ناوچەیی و جیهانی و ئەورووپاییدا.
لە بەرامبەردا بەشی باکووری دووڕگەی قوبرس تەنیا لەلایەن تورکیاوە بەفەرمی ناسراوە و هەوڵە ئاشتیانەکان بە پشتگیریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان بەردەوامە بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو بەشی باکوور و باشووری دووڕگەی قوبرس کە خاوەن پێگەیەکەی جیۆپۆلیتیکیی گرنگە لە ناوچەکەدا و بەهۆی ململانێ و دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لە کاروباری ناوخۆییاندا هەردوو لا نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجام لە بنیاتنانی حوکمڕانییەکی هاوبەش و پێکەوەژیانی ئاشتیانە و کۆتایهێنان بە دابەشبوونی سیاسیی وڵاتەکەیان بەسەر دوو کۆمەڵگای جیاوازی کۆماری باکوور و باشووری قوبرسدا.




