٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە دھۆک داواکاری بۆ تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ پێشکەش دەکرێن"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  دوای دەرچوونی یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، پڕۆسەی وەرگرتنی مامەڵەی ھاووڵاتییان دەست پێ دەکات و بەرپرسێکی شارەوانییەکانیش دەڵێ، پێویستە ھەر ھاووڵاتییەک داواکارییەک بۆ تاپۆکردن پێشکەشی حکوومەت بکات.

ئەمیر ئەترۆشی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری ھەر ٤٧ شارەوانییەکەی پارێزگای دھۆک پڕۆسەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان دەست پێ دەکات و لە ئێستاوە تا ١٠/١٠/ ٢٠٢٠ پێویستە خاوەنی خانوو لە ڕێگەی فۆرمێکەوە داواکاری پێشکەش بە شارەوانی بکات بۆ ئەوەی کار بۆ تاپۆکردنی خانووەکەی بکرێت و بەپێی بڕیار و یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ مامەڵەکەی بۆ ئەنجام دەدرێت."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی شارەوانییەکانی دھۆک گوتی: "یاسای تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ لەلایەن پەرلەمانەوە دەرکراوە و ماوەی جێبەجێکردنی سێ ساڵە، پارەش دیاری کراوە بۆ ھەرمەترێک لە سنووری قەزا و ناحیە و کۆمەڵگاکان، ئێمە وەک شارەوانی ناتوانین دەستکاری بکەین، بەڵکو تەنیا لایەنی جێبەجێکارین."

ئەمیر ئەترۆشی ڕوونی کردەوە: "ژمارەی ئەو خانووە زێدەڕۆیانەی ساڵانی ڕابردوو دروست کراون بە دروستی نازانین، بەڵام بە  مەزەندەی ئێمە ھەزاران خانوو بە زێدەڕۆ دروست کراون و تاپۆکردنیان سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتییان دەبێت، چونکە زیاتر خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکرێت و دەخرێنە چوارچێوەی یاسا و دیزاینی شارەوانییەوە."

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار