لە سۆران نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا دروست دەکرێت

سۆران-KDP.info- قایمقامی قەزای سۆران گوتی، لە سۆران نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا دروست دەکرێت و نزیکەی ٧٠ نەخۆش لەخۆ دەگرێت و حکوومەتیش بودجەمان بۆ دابین دەکات.
کرمانج عزەت، قایمقامی قەزای سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە قەزای سۆرانیش کۆمەڵێک تووشبووی نەخۆشیی کۆرۆنامان ھەیە کە ژمارەیان دەگاتە ١٤٠ نەخۆش، بۆیە پێویستیان بە نەخۆشخانەیەکی تایبەت ھەیە و بڕیارە نەخۆشخانەیەکی تایبەتیان بۆ بکرێتەوە."
کرمانج عزەت گوتیشی: "بینایەکی کۆنمان ھەیە، ھەر ئەو ئامادە دەکرێت و حکوومەت بودجەمان بۆ تەرخان دەکات و ئامادە دەکرێت و تایبەت دەکرێت بە نەخۆشانی کۆرۆنا کە نزیکەی ٧٠ قەرەوێلە دەبێت و دەتوانین ٧٠ نەخۆش وەرگرین و لێی چارەسەر بکەین."
باسی لەوەش کرد: "دەستدەکرێت بە نەخۆشخانەکە و تا ١٠ ڕۆژی دیکە ئامادە دەبێت و دەتوانین نەخۆشی لێ وەرگرین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئێستا لە ھەرێمی کوردستان نەخۆشیی کۆرۆنا بڵاو بووەتەوە و قەزای سۆرانیش بەدەر نەبووە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، ھەر بۆیە بڕیار دراوە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە کۆرۆنا لەوێ ھەبێت بۆ ئەوەی ھەر لەوێ چارەسەری نەخۆشییەکە بکەن.
بڵند ئیبراھیم




