٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زێباری بۆ KDP: دكتۆر محەمەد حاجی بەرپرسیاریەتیی دەزگای نیشتیمانیی دەرمان وەردەگرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كار بۆ رێكخستنەوەی كەرتی دەرمان دەكرێت و سەرۆكی لیژنەی تەندروستییش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی دامەزراندنی دەزگایەكی نیشتیمانیی دەرمانە.

د. سەباح زێباری، سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێشتر لیژنەیەكی لاوەكی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پێك ھاتبوو و بەدواداچوونی تەواوی بۆ كێشەی دەرمان كردووە لە ھەرێمی كوردستان و راسپاردەكانیش ئاراستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراون، بۆ ئەوەی كێشەی كەرتی دەرمان لە ھەرێمی كوردستان كۆنتڕۆڵ و چارەسەر بكرێت".

سەرۆكی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران سەرقاڵی دامەزراندنی دەزگای نیشتیمانیی خۆراك و دەرمانە و دكتۆر محەمەد حاجی وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت بۆ كاروباری دەرمان، بەرپرسیاریەتیی دەزگاكە وەر دەگرێت".

زێباری دەشڵێت: "ھەموو ھەوڵێك بۆ باشكردنی رەوشی تەندروستی و كەرتی دەرمان دەدرێت لە پێناو سەلامەتیی ھاووڵاتیاندا، بە تایبەتی لە ئێستادا بە ھۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە رەوشەكە پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار