سەرجەم رێگاكانی ھەرێمی كوردستان نۆژەن دەكرێنەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پلانێكیان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم رێگاكانی ھەرێمی كوردستان، ئەوانەی سەرەكین، ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ھەمووان نۆژەن بكەنەوە.
مەریوان مەلاحەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "وەكو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پلانێكمان داناوە بۆ ئەوەی سەرجەم رێگا گشتییەكان لە ھەرێمی كوردستان نۆژەن بكەینەوە ھاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، كە سەرجەم رێگاكان تێكچووبوون و نۆژەن كرانەوە، ئەمساڵیش كە بە ھۆی زستانەوە بەشێكیان تێكچوونە، ئەوانیش نۆژەن دەكرێنەوە".
مەلاحەسەن گوتیشی: "بڕیار بوو سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵ دەست بە نۆژەنكردنەوەی رێگاكان بكەین، بەڵام بە ھۆی راگرتنی بودجەی وەبەرھێنان جارێ راگیراوە و ھەر كاتێك دەست بە خەرجكردنی بودجەكە كرایەوە، ئێمەش دەست بە نۆژەنكردنەوەی سەرجەم رێگاكان دەكەین و لە ھەر شوێنێك تێكچووبن، نۆژەنیان دەكەینەوە".
بڵند ئیبراھیم




