٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. محەمەد قادر: لە چەند ڕۆژی داھاتوو ھاوکارییەکان ڕێکخراوی WHO دەگەنە ھەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاند، بەھۆی بەردەوامیی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بە باشیان زانیوە دەربارەی نەخۆشییەکە و چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوەی لە قۆناغی ئێستادا پەیوەندی بە ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانییەوە بکەن ، دەڵێت، بە خۆشحاڵییەوە ئەوانیش ئامادەیییان دەربڕیوە و لە کۆتاییی ئەم ھەفتەیەدا ھاوکارییە تەندروستییەکان لە ڕێگای شاندێکی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی WHO دەگەنە ھەرێمی کوردستان و، دەشڵێ، بارودۆخی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوامە، پێویستە ھاونیشتمانیان زیاتر خۆیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی تەندروستی جێبەجێ بکەن.

د. محەمەد قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاند: "ھاوکارییەکان لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانی WHO دابین دەکرێن و، بریتین  لە کەلوپەلی خۆپارێزی و پێداویستییەکان و کۆمەڵێک پێداویستیی پشکنین و کۆمەڵێک ئامێری ئۆکسجینی تێدایە، کە دەتوانێت ئۆکسجین بۆ نەخۆش دابین بکات و، ئەگەر ڕێکارەکان زوو تەواو بکرێن، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھاوکارییەکان دەگەنە ھەرێمی کوردستان."

گوتیشی: "بێگومان ئێستا جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان لەلایەن ھاووڵاتییانەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و کەمکردنەوەی ژمارەی توشبووان  ھۆکاری سەرەکییە و، ئەگەر لەسەر ئاستی تاک ڕێنماییەکان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، ماوەیەکی زۆری پێ ناچێت بارودۆخەکە زۆر باشتر بێت و ژمارەکان کەمتر دەبنەوە و ھێواش ھێواش ڕێژەی توشبوون و مردنیش کەم دەبێتەوە."

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەش کردەوە: "بۆیە قسەی ئێمەش ھەمان قسەی ڕێکخراوی تەندروستیی جیھانییە، کە شەڕی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئێستا شەڕێکی تاکەکەسییە و ھەموو کەس بەرپرسە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە و، وەزارەتی تەندروستی بەتەنیا ناتوانێت شەڕی پەتاکە بکات، ئەگەر ھاووڵاتییان لەگەڵی ھاوکار نەبن."

ناوبراو دەشڵێت: "لەم قۆناغەدا ھاووڵاتی توانای زۆر زیاترە، ئەگەر پابەند بێت بە ڕێنماییەکانەوە کاریگەریی لە قەدەغەی ھاتوچۆش زیاترە."

سیروان سابیر

 

هەواڵی پەیوەندیدار