ڕاپۆرتێك له‌سه‌ر ڕه‌وشى ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئاماده ده‌كرێت

هەولێر-KDP.info- بە مەبه‌ستی تاووتوێكردن و ئاماده‌كردنی ڕاپۆرتێك سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، ڕۆژی یەکشەممە 2020/7/5، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم له په‌رله‌مانی كوردستان، بە سەرپەشتیی جوان یونس ڕۆژبەیانی، سەرۆکی لیژنەکە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنە و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەكه کۆ بووەوە.
له کۆبوونەوەكه‌دا ڕه‌وشی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم تاوتوێ كرا و سه‌رجه‌م ئەو پێشنیار و پرسیارانەی سه‌باره‌ت به ڕەوشی ئه‌و ناوچانه لەلایەن ئەندامانەوە گه‌ڵاڵه كرابوون تاوتوێ كران و له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه كران به ڕاپۆرتێک و بڕیاره ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى بخرێته به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنی پەرلەمانەوە، ڕاپۆرته‌كه‌ش خۆی لە دوو تەوەری سەرەکیدا ده‌بینێتەوە؛ یەکەمیان ھەرچی بەدواداچوونى لیژنەكه ھەبووە لەسەر دوخی ئەو ناوچانە له‌گه‌ڵ چارەسەر و پێشنیارەکان، دووەمیان داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانە چییە کە ئاراستەی لیژنەكه کرابوون."
نووسراوێکی جەختکردنەوەش ئاراسته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمان كرا بۆ تەئکیدکردنەوە لە دانیشتنی پەرلەمان کە بڕیارە بەم نزیکانە دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دوخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ساز بکرێت.




