مەحما خەلیل: شاندی حکوومەتی عێراق ڕەتیان کردەوە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیی شنگال کۆ ببنەوە

شنگال - KDP.info - دوێنی شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراق کە پێک هاتبوون لە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پاریزگاری مووسڵ سەردانی شنگالیان کرد، قایمقامی قەزای شنگالیش لەوبارەیەوە گوتی: "شاندەکە ڕەتیان کردەوە لەگەڵ ئیدارەی ناشەرعیی شنگال کۆ ببنەوە."
مەحەما خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەمە یەکەم شاندی عێراقی بوو توانیی ددان بە دەستوور و یاسای فەرمیی عێراقدا بنێت، چونکە ئەوان زانییان ئەو ئیدارەیەی ئێستا لە شنگالە ئیدارەیەکی تێکەڵاوی پەکەکە و هێزەکانیەتی و ناپەسەند و ناشەرعی و خۆسەپێنن."
خەلیل، ئاماژەی بە ئەوەش کرد: "خەڵک و حکوومەت باش لەوە گەیشتوون کە ئیدارەی هەڵبژێردراوی خەڵک کامەیە، ئەو ئیدارە ناشەرعییەی هەیە، پەکەکە و هاوئاوازەکانی بۆ خۆیان دایانناوە و کار بۆ ئەوە دەکەن خەڵک نەگەڕێنەوە ناوچەکانیان و شنگال ئارامی بە خۆیەوە نەبینێت، چونکە باشبوونی ڕەوشی شنگال بەرژەوەندی و بازرگانیی ئەو هێزانە تێک دەدا."
کاروان باعەدری




