٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیروان محەمەد: پێمان وایە ئەنجامدانی سەرژمێری دوادەخرێت و دەكەوێتە كۆتایی ساڵی داھاتوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- ھەرچەندە بڕیار بوو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق بەڕێوە بچێت، بەڵام سەرۆكی دەستەی گشتی ئامار لە ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، لە رۆژانی داھاتوودا كۆدەبنەوە و پڕۆسەكەش بۆ كۆتایی ساڵی دابێ دوا دەخرێت.

سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی گشتیی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەم مانگە دەستەی باڵای سەرژمێری لە عێراق كۆدەبێتەوە و ئێمەیش وەك دوو ئەندام لە ھەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بەشداری دەكەین، پێشمان وایە ئەنجامدانی سەرژمێری دوابخرێت بۆ كۆتایی ساڵی داھاتوو ٢٠٢١ كە ھێشتا ئەوەش زۆر زووە، چونكە ئێمە نازانین رەوشەكە تا ئەوكات چی بەسەر دێت، بە تایبەتی ئامادەكارییەكان بە كوێ دەگەن، بە تایبەتی ھێنانی شارەزای نێودەوڵەتی و بیانی".

سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێم، كە ھاوكات ئەندامی لیژنەی باڵای سەرژمێرییە لە عێراق، گوتیشی: "لیژنەیەكی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریكردنی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق پێك دێت، ئێمەش ئامادەیی خۆمان نیشان داوە بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی داھاتوو".

سیروان محەمەد روونیشی كردەوە: "پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق ئەمجارە بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوە دەچێت، كە ئەنجامدانی سەرژمێری بە شێوەی ئەلیكترۆنی، پێویستی بە ئامادەكاریی زیاتر ھەیە، بە تایبەتی لە ڕووی بناغەی دەستە و دەزگای ناوەندیی ئامار بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاری لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆسەكە، ئێمە بینیمان لە ھەردوو وڵاتی ئوردن و مسر سێ تا چوار ساڵی خایاند".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار