ماڵپەڕی KDPشاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە سەردانی ھەرێم دەكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ھەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەسەر چەند خاڵێكی گرنگ رێككەوتوون، لەوانە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان، كە بڕیارە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، ئەم ھەفتەیە شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی ھەرێم بكات.
لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پاتری دیموكراتی كوردستان گوتی: "دوای ئەوەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ وزارەتی بەرگریی عێراق كۆبوونەوە، بڕیارە ئەوانیش لەم ھەفتەیەدا سەردانی ھەرێمی كوردستان بكەن بۆ دانانی میكانیزم و جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان ھەردوولادا كراوە".
بەڕێوەبەری راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگە گوتیشی: "شاندی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە میانەی سەردانەكەی بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەسەر چەند خاڵێك رێككەوتن، كە زۆر ئیجابی و بەھادار بوون، ئەوانیش دانانی لیژنەی ھەماھەنگی و دانانی بازگەی ھاوبەش و گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بە شێوەی ھاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان لە سنووری دیالە و مەخموور و كەركووك و دەشتی نەینەوا و، هەروەها بەشداریكردنی ھێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق لە ئۆپەراسیۆنەكاندا".
دەشڵێ، ھەفتەی ڕابردوو رێككەوتن كراوە و ئەم ھەفتەیەش ئەوان سەردانی ھەرێم دەكەن بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق.
بڵند ئیبراھیم




