وەزارەتی پەروەردە بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڕیاری نوێی دەركرد

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی بڕیاری نوێی دەركرد و هیچ پشوویەك تاقیكردنەوەكان ناوەستێنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئاگەدارییەكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، ئاگەداری قوتابیان دەكەینەوە كە تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە كاتی خۆیدا بەڕێوە دەچێت و هیچ پشوویەك تاقیكردنەوەكان دوا ناخات.
وەزارەتی پەروەردە ڕوونی كردووەتەوە، ئەگەر ڕۆژێك پشوو بێت، تاقیكردنەوە دوا ناخرێت و ئەنجام دەدرێت تەنیا پشووی جەژن نەبێت.
باس لەوەش كراوە، بابەتی پەروەردەی ئێزدیات و زمانی ئەدەبی كوردی تاقیكردنەوەی تێدا ئەنجام دەدرێت و رۆژانە سەعات هەشت و 30 خولەكی بەیانی تاقیكردنەوەكان دەست پێ دەكات.
ڕۆژی شەممەش ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە بڕیاری فەرمی ڕۆژی 11ـی تەمووز تاقیكردنەوەكان ئەنجام دەدرێت و ئەو ڕۆژە جێگیرە و ناگۆڕێت.




