كوێستان: لە ئێستادا پلانمان ھەیە بۆ خزمەتكردنی زیاتری ھاووڵاتیان

هەولێر-KDP.info- لە چەند رۆژی رابردوودا ئاڵوگۆڕی بەرپرسە ئیدارییەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر ئەنجام درا و قایمقامی قەزای خەباتیش پێی وایە، ئاڵوگۆڕەكە كاریگەری لەسەر كاركردنی یەكە ئیدارییەكان دەبێت و دەشڵێ، پلان و بەرنامە بۆ خزمەتكردنی ھاووڵاتیان ھەیە.
كوێستان ئەحمەد، قایمقامی خەبات، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئاڵوگۆڕی بەرپرسانی یەكەی ئیداری، ھەنگاوێكە باشە، چونكە پێشتر ئەزموونێكی باشمان پەیدا كردووە لە خزمەتكردنی ھاووڵاتیان و پێویستە ئاڵوگۆڕ ھەبێت لە نێو حكوومەتدا، سەرەڕای نەبوونی بودجەش لە ساڵانی رابردوودا چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەش كراون، لە ئێستادا دوای ئاڵوگۆڕیش بەرنامە و پلانمان ھەیە بۆ خزمەتكردنی زیاتری ھاووڵاتیانی خۆمان".
قایمقامی خەبات جەختی كردەوە: "لەگەڵ ئاڵوگۆڕییەكان و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێ، كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی گرنگ ھەن بە تایبەت لە ئاو و كارەبا و جادە و بان و شارەوانی، كە پێویستیان بەوەیە بە پلان كاری باشتركردنیان بكرێت، بە تایبەتی ئەگەر پارە دابین بكرێت، دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەكەینەوە".
ناوبراو گوتیشی: "لە سنووری قەزای خەبات ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری ھەن دەرخستەیان بۆ دەكەین و پێشكەش بە حكوومەتیان دەكەین، تا ھەر كاتێك پارە دابین بكرێت، ئامادەی جێبەجێكردن بن".
قائید میرۆ




