حكوومەت بڕیاریدا لە باج و كرێی دوو مانگی كرێنشینانی خۆشبێت

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە لێخۆشبونی باج و كرێی دوو مانگی بەهۆی رێككارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ كرێچییەكانی حكوومەتی دەركرد.
لەو نوسراوەدا كە ئەمڕۆ ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانوبەرەی میری کراوە، ماوەی چالاکی بۆ بەدەستهێنانی داهات کە دەکەونە ژێرباری وەرگرتنی باج بە هەموو جۆرەکانییەوە بەمشێوەیەی خوارەوە پۆلێنكردوە.
1. خانوبەرەی میری
جێبەجێکردنی بڕگەی 1 و 2 بە بڕیاری ژمارەی 51 لە 05-05-2020ی ئەنجومەنی وەزیران بۆ لێخۆشبونی کرێ و سودی دواکەوتنی کرێچییەکانی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانوبەرەی میری بۆ ماوەی 2 مانگ بەهۆی رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 11-05-2020 کە لەو ماوەیە نەیانتوانیوە بەشێوەی ئاسایی موڵکەکان بەکاربهێنن.
2. سەبارەت بە وەرگرتنی باج بەمشێوەیە دەبێت:
- بەخشینی باجدەران لە سزا و سودی دواکەوتن لە باجدان بەهۆی رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەگەر ماوەکە کەوتبێتە نێوان 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020.
- درێژکردنەوەی ماوەی دانی قیست بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوکردنی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020.
- درێژکردنەوەی ماوەی پێشکەشکردنی راپۆرتی باجی لێبڕینی راستەوخۆ بەپێی ئەو رێنماییانەی کە لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەرچوە.
- سەرجەم ماوە یاساییەکانی پابەندبونی باجدەر بە رێکارەکانی باج بۆ ماوەی دوو مانگ لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 بەهۆی رەچاوکردنی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
3. سەبارەت بە وەرگرتنی باجی دەرامەت و کۆمپانیاکان و خانوبەرە بەمشێوەیە دەبێت:
- باجی دەرامەت و کۆمپانیاکان
پێویستە لەکاتی خەمڵاندنی باجدەران بۆ ساڵی 2020ی دارایی رەچاوی وەستانی چالاکییەکان بکەن بۆ ماوەی دوو مانگ بەهۆی رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 واتە ئەو ماوەیە خەمڵاندنیان بۆ ناکرێت.
- باجی خانوبەرە
- لەکاتی وەرگرتنی باجی خانوبەرە و زەوی دەبێ رەچاوی ماوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە 11-03-2020 تاوەکو 10-05-2020 دەستپێدەکات.




