ئەمڕۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی پەیمانگا حكوومی و ناحكوومیەکان دەستیپێكرد

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیمانگاكان لە ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پەیمانگاكانی حكوومی و ناحكوومی دەست پێدەكات و ماوەی ١٥رۆژ بەردەوام دەبێت، كە ھەموو رێكارێكی تەندروستی بۆ تاقیكردنەوەكان گیراوەتە بەر.
عوسمان رەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵی پەیمانگاكان دەست پێدەكات، كە هی حكوومییەكان سەعات ١٠ی بەیانییە و هەروەها هی پەیمانگا ناحكوومییەكانیش سەعات ٣ی پاشنیوەڕۆ دەستپێدەكات، كە بێگومان لە ژێر رێنمایی توندی تەندروستیدا دەبێت".
رەشید گوتیشی: "لە ھەرێمی كوردستان ٣٠ پەیمانگای حكوومی و ٦٣ پەیمانگای ناحكوومی ھەن و، ئەمڕۆش لە سەرجەم ئەو پەیمانگایانە تاقیكردنەوە ئەنجام دەدرێت، كە لە ھەر ھۆڵێك شەش تا ھەشت قوتابی زیاتر نییە و دەمامك و دەستكێشیان ھەیە و پشكنینیشیان بۆ دەكرێت، بۆیە زۆر باش خۆمان بۆ ئامادە كردووە".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، تاقیكردنەوەكان نەزەری و زانستین و رۆژانە دەكرێن و ١٥رۆژیش دەخایەنێت، كە ژمارەی سەرجەم قوتابیان ٣ھەزار و٢٠٠ قوتابییە.
ئەو پەیمانگایانەی ئەمڕۆ تاقیكردنەوەیان لێ ئەنجام دەدرێت، ئەوانەن كە لە پۆلی سێی ناوەندی دەچن لەو پەیمانگایانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەخوێنن.
بڵند ئیبراھیم




