٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

شێخ جەعفەر: ھەڕەشەی كۆمەڵكوژی لە كاكەییەكان دەكرێت.. رازی نەبوون ببنە حەشدی شەعبی

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی لە خانەقین رایگەیاند، ھەڕەشەی بەردەوام لە كاكەییەكانی سنووری خانەقین دەكرێت و ئەگەر ناوچەكە چۆڵ نەكەن، كۆمەڵكوژیان دەكەن، ئەوانیش لە ترسی گیانی خۆیان شەوانە گوندەكان چۆڵ دەكەن و تەنھا پیاوەكان پاسەوانی لە خۆیان دەكەن.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە خانەقین دوو گوندی كاكەیی ھەن، كە نزیكەی ٦٠٠ماڵ دەبن و دوای ھێرشەكەی چەند رۆژی ڕابردوو، ئێستا ھەڕەشەیان لێ دەكەن كە كۆمەڵكوژیان دەكەن ئەگەر گوندەكان چۆڵ نەكەن، بۆیە ئەوانیش بە شەوان ماڵ و خێزانیان دێنن بۆ ناوشار و تەنھا بەشێك لە پیاوەكان پاسەوانی لە گوندەكان دەكەن، كە ھەڕەشەكانیش بە ناوی داعش دەكرێت و شەوی ڕابردووش جارێكی دیكە ھەڕەشەیان لێ كردوون".

شێخ مستەفا گوتیشی: "حەشدی شەعبی چوونەتە لایان و داوایان لێ كردوون كە فەوجێكیان بۆ دروست دەكەن و بیانكەنە حەشدی شەعبی، بەڵام ئەوان رازی نەبوون، بۆیە مەترسیی جیددی لەسەر دانیشتووانی گوندی دارا و مێخاسی كاكەییەكان ھەیە".

دەشڵێ، ئەو دوو گوندە وەك بەشێك لە خانەقین حیسابن و تەنھا یەك گەڕەك نێوانیانە، بۆیە گەر ئەو دوو گوندە چۆڵ بكرێن، ئەوكات مەترسیی بۆ ناو خانەقینیش دروست دەبێت.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار