٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەسوکاری شەھیدانی ئۆردووگای زێوە داوا دەکەن شەھیدەکانیان بکرێنە شەهیدی سەنگەر

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info-  ٣٥ ساڵ بەسەر بۆردوومانکردنی ئۆردووگای زێوەدا تێپەڕ دەبێت، کە لە 19-6-1985 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئۆردووگاکە بۆردوومان کرا و خەڵکێکی زۆر شەھید و بریندار بوون، تا ئێستا ناوی 130 شەھید لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراون تۆمار کراوە، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراون دەڵێت، ھەر کەسوکارێکی شەھیدان تا ئێستا ناویان تۆمار نەکراوە، واریسی سەرەکییان مابێت دەتوانن سەردانی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان بکەن.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی ڕاگەیاند: "بۆردوومانی ئۆردووگای زێوە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە یەکێکە لە بیرەوەرییە ھەرە ناخۆشەکانی گەلی کورد و خەڵکێکی زۆر شەھید و بریندار بوون، کە بەشێکی زۆریان منداڵ و ئافرەت و پەککەوتە بوون.''

حەمدی ئەوەیشی خستە ڕوو: "تا ئێستا 130 کەس ناوی لای ئێمە تۆمار کراوە،  بەپێی ڕێکارەکانی وەزارەت، کە بە یاسا ڕێک خراوە ئەو کەسانەی شەھید دەبن، تەمەنیان کەمتر لە 16 ساڵە، بە شەھیدی ھاووڵاتی تۆمار دەکرێن و سەرووی 18 ساڵیش بە شەھیدی سەنگەر تۆمار دەکرێن.''

ناوبراو دەشڵێت: "ئەو لیستەی شەھیدانی ئۆردووگای زێوە لەلای وەزارەت تۆمار کراوە بەپێی ڕێکارەکان، ئەگەر کەسێک ناوی لە لیستەکەدا ھەبێت و تا ئێستا مامەڵەی نەکردبێت، دەتوانێ سەردانی وەزارەت بکات و مامەڵەکانی خۆی نوێ بکاتەوە، بە مەرجێک واریسی سەرەکیی شەھیدەکە مابێت، تا بەپێی پەیڕەوی ڕێکارە یاساییەکان شایستە داراییەکانی بۆ دابین بکەین."

 

سیروان سابیر

 

هەواڵی پەیوەندیدار