بەرەڤان حەمدی: شایستە داراییەكانی كەسوكاری شەھیدان وەك پێشوو دەمێنێتەوە

ھەولێر-KDP.info- بریكاری وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان دهڵێت، ئەوەی تایبەتە بە شایستە داراییەكانی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان، مووچەكانیان وەكو مانگەكانی پێشوو لە رێگەی خەزێنە و بانكەكانەوە بە بێ كەمكردنەوە بەردەوام دەبێت. دەشڵێ: "ئێمە لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەوەی لە تواماندا بێت بۆ ھاوكاری و پاڵپشتیی كەسوكارەكانیان، دەیكەین".
بەرەڤان حەمدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھیچ گۆڕانكارییەك لە مووچەدا، شەھیدانی سەنگەر و ھاووڵاتی و زیندانیانی سیاسی ناگرێتەوە و وەكو مانگەكانی رابردوو مووچەكانیان دابەش دەكرێت، ئەو 98 ھەزار كەسەش، كە كەسوكاری شەھیدانن و ھەروەھا ئەو زیندانییە سیاسییانەی كە شایستەیان لای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ماوە، وەك خۆی دەمێنێتەوە و بە بێ ھیچ گۆڕانكارییەك بەسەریاندا دابەش دەكرێت".
حەمدی ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەوەی كە پێداچوونەوەی بۆ كراوە و دوێنێ لە ئەنجوومەنی وەزیران باس كراوە، تەنھا فەرمانبەرانی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان دەگرێتەوە، كە ژمارەیان هەزار و 310 فەرمانبەرە و كۆی گشتیی مووچەكانیان 824 ملیۆن و 339 ھەزار دینارە".
ئەو ھەروەھا جەختی لەوەش كردەوە: "لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاكان و بەڕێوەبەراتییەكان، مووچەكانیان بە رێژەی 21% كەمكردنەوەی بۆ دەكرێت".
ناوبراو دەشڵێت: "ئەوەی تایبەت بێت بە كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان، مووچەكانیان وەكو خۆی دەمێنێتەوە".
سیروان سابیر




