بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری: بڕیارهكه بە یەكدەنگی دراوە.. ئەم دووخیتابییە متمانە خاپوور دەكات

هەولێر-KDP.info- لەگەڵ بڕیاری دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان، بەشێك لە پەرلەمانتاران و ئەندامانی باڵای لایەنەكانی نێو حكوومەت، لە دەرەوە ھەڵوێستی پێچەوانەی تیمەكانیان لە حكوومەت دەردەبڕن، بەرپرسێكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئاشكرای كرد، بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بە راوێژ بووە لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەتدا.
د. سالار عوسمان، بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە ھەموو كابینەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بڕیارێك نەدراوە بە بێ پرس و راوێژ لەگەڵ لایەنە بەشدارەكانی حكوومەت، تەنانەت ئەو كاتەی كابینەكان كەمترین لایەنیان تێدا بووە، بەڵام دانوستانێكی جیددی ھەبووە لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران، كەواتە لە یەكەم كابینەوە تا ئێستا ھیچ بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرنەچووە ئەگەر راوێژ لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران نەكرابێت".
عوسمان دەشڵێت: "لە كۆبوونوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگویەكی قووڵ كراوە، كە سێ حزبی سەرەكی و پێكھاتەكان بەشدارن لە حكوومەتدا، كەواتە ئەو بڕیارەی لەبارەی مووچەوە دراوە، بڕیاری پارتی و یەكێتی و گۆڕان و پێكھاتەكانیشە، بڕیارەكە ھیچ پەیوەندییەكی بە سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان و ھیچ حزبێكی سیاسییەوە نییە، بەڵكوو بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە و بە یەكدەنگی دراوە".
بریكاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان جەختی كردەوە: "پرسیارێك لێرەدا دروست دەبێت، بۆچی یەكێتی لە دەرەوە و سۆشیال میدیا بۆچوونی پێچەوانە قسە دەكات، یان ئەندامێكی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمان، لەبەر چی پێچەوانەی بڕیاری حزبەكەیەتی، یان مەكتەب سیاسییەكی یەكێتی دژی بڕیاری تیمەكەیەتی لە حكوومەت، پرسیاری ئەخلاقی، سیاسی، كارگێڕی ئەوەیە، بۆچی دوو نەغمە و گوتاریان ھەیە. خیتابێك لە حكوومەت و خیتابێك لە دەرەوەی حكوومەت".
د. سالار عوسمان روونیشی كردەوە: "دەبێ روونكردەوە ھەبێت و ئەندامانی ئەو حزبانە پرسیار لە حزبەكانیان بكەن، بۆ تیمەكەمان شتێك دەڵێ و ئێوە شتێك دەڵێن، رووی دەمم لە ئەندامانانی حزبەكانی نێو حكوومەتە، ئەم دووخیتابییە مانای چییە و چی لە ھاووڵاتیانی كوردستان دەكات، پەروەردەی نیشتیمانی و میدیا بەرەو چ ئاقارێكی خراپ دەبات و متمانە چۆن خاپوور دەكات".
قائید میرۆ




