وەزارەتی کارەبا: خەریکی ئامادەکارین پێوەری زیرەک كارا بکهین

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێ،٢٥٠ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبای نیشتیمانی بەستراون، لە ئێستادا سەرقاڵین بۆ ئەوەی قۆناغی کاراکردن دەست پێبکەینەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سەرەتای دەستپێکردنی بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا، نزیکەی ٢٥٠ھەزار پێوەری زیرەک لە ھەموو پارێزگاکان بەستراون، بەڵام بەھۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کارەکان وەستاون، ئامادەکاری دەکەین بۆ قۆناغێکی نوێی پێوەری زیرەکی کارەبا".
ئەحمەد ئەوەیشی راگەیاند: "بۆ ھەموو ھاوبەشانی کارەبا بە ماڵان و شوێنە بازرگانی و گشتییەکان، پێویستمان بە یەک ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار پێوەر ھەیە، کە بەپێی بەرنامە و میکانزمێکی گونجاو و بە دیاریکراوی لەماوەی ساڵ و نیوێکدا تەواوی پڕۆژەکە ببەستین".
ناوبراو دەشڵێت: "خەریکی ئامادەکارین، کە٢٥٠ ھەزار پێوەری زیرەکی کارەبا بەستراون و کارا بکرێن، چونکە لە دوای کاراکردنی پێوەرەکە ھیچ کەسێک ناتوانێت فێڵکردن و دەستکاریکردن بکات".
ئومێد محەمەد جەختی لەوەشکردەوە: "بەستنی پێوەری زیرەک ھۆکارێکە بۆ گەڕانەوەی ئەو کارەبا ونبووەی، کە بەشێک لە خەڵکی بەشێوەی نایاسایی بەکاریدەھێنن و، تا ڕادەی ئەندازەیەکی باش وزەی کارەبا دەگەڕێتەوە".
سیروان سابیر




