شوێنە گەشتیارییەکانی سۆران تا کۆتاییی ئەم مانگە داخران

سۆران-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند، لەپێناو خۆپاراستنی زیاتر لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێرەوە بڕیار درا بە داخستنی شوێنە گەشتیارییەكان تاوەکو (١-٧-٢٠٢٠)، بەڵام ئەوەی دەبیندرێت، بەشێک لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران پابەندی ڕێنماییەکان نەبوون.
بارزان محەمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای کردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکانەوە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستیمان جێبەجێ کردووە، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای ھەولێر بڕیاری دا بە داخستنی ھەموو شوێنە گەشتیارییەکان لە سنووری پارێزگا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، خۆشبەختانە ھەموو خاوەنشوێنە گەشتیارییەكان پابەندی بڕیارەکە بوون، وەک ئەوەی دەبیندرێت لە شوێنە گەشتیارییەکان بەشێک لە هاووڵاتییان و گەشتیاران وەکو پێویست خۆیان ناپارێزن و پابەندی بڕیارەکە نین.''
بارزان محەمەد ئەوەیشی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو گەشتوگوزار ھەموو ڕێنماییەکانی تەندروستیمان لە شوێنە گەشتیارییەکان جێبەجێ کردووە، لە ڕۆژی ھەینییەوە ھەموو شوێنەکان داخراون؛ وەک کەپرەکان و چێشتخانە و کافتریاکان.''
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران جەختی لەوەش کردەوە: ''ھیوادارین ھاووڵاتییان و گەشتیاران لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن.''
ناوبراو دەشڵێت: "تەنیا ڕۆژانی ھەینی شوێنە گەشتیارییەکان جمەیان دێت لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 7000 ھەزار بۆ 8000 ھەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران و ڕواندزیان کردووە."
سیروان سابیر




