سەفار: سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگیی زۆری ھەیە بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا بگەنە ڕێککەوتن

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکان کۆ بیتەوە. لەو بارەیەوە بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق گوتی، سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگیی زۆر ھەیە و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە کێشەکان زووتر چارەسەر بن.
د. ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لەسەر ئەو ئاستە باڵایە گرنگیی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و زۆریش پێویستە، چونکە چوونی ئەو جۆرە شاندە گرنگە بۆ ئەنجامدانی ڕێککەوتن، بۆ ئەوەی ئەو ڕێککەوتنانەی دەکرێت لە لیژنەی دارایی و پەرلەمان لە بەرژوەندیی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تێپەڕێندرێت.''
د. ئەحمەد سەفار گوتیشی: "سەرۆکی ھەرێم دەتوانێ پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ھەموو لایەنەکان دروست بکات و ڕێککەوتنێک بکات و لەو سەردانەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی کوتلەکان دیدار بکات، بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە ڕێککەوتنێک لەبارەی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەربارەی کێشە داراییەکان، بۆیە چوونی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا گرنگیی زۆری ھەیە."
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە سەردانەکەی بۆ بەغدا ھەردوو جێگرەکەشی، مستەفا سەید قادر و جەعفەر شێخ مستەفا، یاوەریی دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




