لە چەند رۆژی داھاتوودا دەرمانی پاڵپشتی چارەسەری كۆرۆنا دەگاتە ھەرێمی كوردستان

هەولێر-KDP.info- ئەو دەرمانەی رووسیا بۆ چارەسەری ڤایرۆسی كۆرۆنا بەكاری دەهێنێت، لە چەند رۆژی داھاتوودا دەگاتە عێراق و گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ، ئەگەر دەرمانەكە بگاتە عێراق، رەوانەی ھەرێمی كوردستانیش دەكرێت و، ھاوكات داوای خۆپارێزییشی لە ھاووڵاتیان كرد بۆ ئەوەی دوور بن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا.
د. محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە دەرمانی چارەسەری كۆرۆنا لە چەند رۆژی داھاتوودا بگاتە عێراق، وەك وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بۆ كردووە، كە ئەم دەرمانەش لەلایەن وڵاتی رووسیاوە بەرھەم ھاتووە و پەرەی پێ دراوە و وەك چارەسەری كۆرۆنا بەكار دێت".
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "ئەگەر دەرمانەكە لە رووسیاوە بگاتە عێراق، بێگومان دەنێردرێت بۆ ھەرێمی كوردستانیش و ئێمەیش لێرە بە نەخۆشەكانمانی دەدەین".
قادر روونیشی كردەوە: "رەوشەكە گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، بۆیە پێویستە ھاووڵاتیان زیاتر پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی بن و ھەرچی پێویستیش بێت وەك حكوومەت رێكارەكان دەگرینە بەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە و كەمكردنەوەی زیانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا".
قائید میرۆ




