داوای ڕاگرتنی دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان دەكرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر رایگەیاند، بە ھۆی ئەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا زۆر بڵاو بووەتەوە و چوار بەڕێوەبەری ئیداری لە هەولێر تووش بوونە، داوامان كردووە تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە، دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان رابگیرێت.
عەلی ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و زیادبوونی حاڵەتەكە، رێكارەكان توندتر كراون، چونكە جگە لە خەڵك، بەرپرسە ئیدارییەكانیشمان تووش بوونە".
ڕەشید گوتیشی: "ھەر یەكە لە سەرۆكی شارەوانیی ھەولێر و دوو جێگر و بەڕێوەبەری ژینگەپارێزیی ھەولێر و ڕەنگە دوو بەڕێوەبەری دیكش تووشی ئەو نەخۆشییە بووبن".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: پێشنیازمان كردووە دەوامی فەرمانگە حكوومییەكان ٩٥% رابگیرێت و دەوامی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانیش بۆ ٣٠% كەم بكرێتەوە، ئێستاش چاوەڕێ دەكەین وەڵامی ئەرێنی بۆ داواكاریی ئێمە ھەبێت، چونكە دوێنێ ئێمەش پشكنینی خۆمان كرد".
بڵند ئیبراھیم




