٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی گەشتوگوزار: خەڵكێكی زۆر سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی كورددستان رایگەیاند، كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان چەند سوودێكی بۆ ھاووڵاتیان ھەیە لەم دۆخەی ئێستادا و، زۆرینەی شوێنەكانیش كە پشكنینیان بۆ كراوە، پابەندی رێنمایەكانن و خەڵكێكی زۆریش لە ناوخۆ سەردانی شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن.

نادر رۆستی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، جووڵەیەكی گەشتیاریی باش لە ناوخۆ ھەیە لە ناوچەكانی سۆران و هەروەها ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان، كە خەڵكێكی باش سەردانیان دەكەن، بەڵام لەبەر ئەوەی تۆمار ناكرێت، دیار نیە ژمارەكە گەیشتووەتە چەند گەشتیار.

رۆستی گوتیشی: "كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان چەند سوودێكی ھەیە لەم قۆناغەدا، كە لە ڕووی دەروونییەوە خەڵك ئارام دەبێتەوە و ھەندێك خۆی لەبیر دەكات و ھێندە لە ماڵ نامێنێتەوە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە، ئەوەی پەنای بۆ وڵاتان دەبرد بۆ گەشتیاری، ئێستا دەچنە شوێنە گەشتیارییەكانی خۆمان كە پێی ئاشنا نەبوون و بەشێكیان بۆ خۆشیی خۆیان سەردان دەكەن، بۆیە ئەو پارەیەی دەچووە دەرەوە، ئێستا لە ناوخۆ خەرج دەكرێت، راستە ئێستا گەشتیاری دەرەوەمان بۆ نایەت، بەڵام پارەی ئێمەش ناچێتە دەرەوە".

ناوبراو باسی لەوەش كرد، ھەموو شوێنە گەشتیارییەكان پێویستە پابەندی رێنماییەكان بن، ئەگەرنا دادەخرێن یان سزا دەدرێن، بۆیە  پێویستە خاوەن شوێنەكان و ھاووڵاتیانیش پابەند بن.

دەشڵێ، لە سەرەتای كردنەوەی شوێنە گەشتیارییەكان، ٧٠٠شوێن پشكنینیان بۆ كرا و دەمامك و دەستكێشیان بەسەردا دابەش كرا و رێنماییان پێ درا، كە لەوانە ٤٠ شوێن پابەند نەبوون بە رێنماییەكان، بۆیە شوێنەكان داخران تا رێنماییەكان جێبەجێ دەكەن، هەروەها لە دەرەوەش ١٥٠ شوێن پشكنینیان بۆ كرا، بۆیە تا رادەیەكی باش خەڵك پابەندی رێنماییەكانە لە شوێنە گەشتیارییەكان.

 

بڵند ئیبراھیم

  

هەواڵی پەیوەندیدار