ئێران و تورکیا سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەران بۆردوومان دەکەن

حاجی ئۆمەران -KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، تۆپخانەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسڵامیی ئێران و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوند و ئاواییەکانی سنووری ناحیەی حاجی ئۆمەرانیان بۆردوومان کرد، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران دەڵێت، خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، تەنھا زیانیان بە ژینگەی سنوورەکە گەیاندووە.
فەرزەنگ ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "بەداخەوە ئەمڕۆ سێشەممە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە ناوچە سنوورییەکان بۆردوومان کران و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی ئالانەیان بۆردوومان کرد و یەکەم جاریشە ئەو شوێنە بۆردوومان دەکرێت، شوێنەکە دوورە لە ئاوەدانی، بەڵام ڕەوەند و کۆچەرییەکان ھاتوچۆی تێدا دەکەن."
بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران ئەوەیشی خستە ڕوو: "کاتژمێر 11:00 پێشنیوەڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھەریەک لە کانی ڕەش، کەندە شین و مارێن لە سنووری گوندی ئالانەی تۆپباران کرد و ترس و دڵەڕاکێی خستە نێو ھاووڵاتییانەوە.''
سیروان سابیر




