٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. سامان بەرزنجی: ئێستا لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆڕۆناداین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، ئێستا لە قۆناغی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆناداین و دۆخەکە مەترسیدارە، بۆیە پێویستە ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکان بن.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "تا ئێستا دووھەزار و ٤٧٣ کەس تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە و ھەزار و٣٨٣ تووشبوو، کە کەمترن لە ٥٠% لە نەخۆشخانە ماون، ئەوانیش سێ جۆرن؛ ھەیە بە سووکی تووش بووە و ھەشە مامناوەندە و ھەشە بەتوندی تووش بووە و بەردەوامیش تێست بۆ گومانلێکراوان دەکرێت، کە زیاتر لە ١٠٤ ھەزار تێست کراوە و ڕۆژانە پێویستمان بە پێداویستی ھەیە و حکوومەتیش برێکی دیکە بودجەی بۆ ئێمە تەرخان کردووە."

د. سامان بەرزنجی گوتیشی: "جگە لەوەش، حکوومەتی عێراقیش بڕێک بودجەی بۆمان تەرخان کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەندێک ڕێکخراوی ئێن‌جی‌ئۆ و ئەوانەش ھاوکارییان کردووین. ئێستا لە دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەین و ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە پابەندی ڕێنماییەکان بن و تاکەکەسی پارێزگاری بکەن و ماسک بەکار بێنن و خۆیان لە خەڵک دوور بخەنەوە و کۆمەڵێک ڕێکاری دیکە، کە لایەنی پەیوەندیدار دەیگرنە بەر."

بەرزنجی باسی لەوەش کرد: "بەرزبوونەوەی حاڵەتەکان مەترسیدارە و بەراورد بە ڕابردوو زیادی کردووە، بۆیە ئەرکە لەسەر ھاووڵاتییان کە خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکان بن."

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار