قایمقامی مێرگەسۆر بۆ KDP: رەوشی تەندروستیی مێرگەسۆر لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە

مێرگەسۆر-KDP.info- بە ھۆی تۆماركردنی حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، ئیدارەی دەڤەرەكە رێكار و رێوشوێنی پێویستی گرتووەتە بەر، قایمقامی قەزاكەش دەڵێ، رەوشی تەندروستیی مێرگەسۆر لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە.
غەفوور ئەحمەد، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەداخەوە یەكەم حاڵەتی ھەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قەزای مێرگەسۆر تۆمار كرا، كە تووشبووەكە خەڵكی گوندی كوركێی سەر بە ناحیەی گۆڕەتووە، بۆیە لە ئێستادا گوندەكە كەرەنتین كراوە و پشكنین بۆ ھەموو ئەو ھاووڵاتیانە دەكرێت كە بەركەوتەیان لەگەڵ تووشبووەكەدا ھەیە، تا ئێستاش رەوشی تەندروستیی ناوچەكەمان لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە".
قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتیشی: "رێكاری پێویستی تەندروسیتمان گرتووەتە بەر بۆ ڕووبەڕوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، داواش لە ھاونیشتمانیان دەكەین پابەندی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بن بۆ خۆپارێزیی زیاتر لەم پەتایە".
سیروان سابیر




