كێشەی زەویی كورد لە سنووری سەرگەڕان بەردەوامە

سەرگەڕان-KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان رایگەیاند، كێشەی زەوی و خانووەكانی سنووری سەرگەڕان بەردەوامە و عەرەب بەشی یەكەمی زەوییەكانی وەرگرتووەتەوە، كە ٥٠٠دۆنم بوو، شاندێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانیش ھاتبوون بۆ كەركووك بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە رابگیرێت، بەڵام پارێزگار لە تەعریبكردن بەردەوامە.
لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارێزگاری كەركووك داوای لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووك كردووە، كە ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی عەرەبی ھاوردە بكرێت، هەروەها خانووەكانیش لە كورد وەربگیرێنەوە و عەرەب تێیاندا نیشتەجێ بن و كوردیش ناوچەكە چۆڵ بكەن، لە كاتێكدا ئەو عەرەبانە خۆیان خەڵكی تكریت و مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراقن".
حوسێن گوتیشی: "شاندێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان ھاتبوو و لەگەڵ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی كەركووك كۆبوونەوە و داوای راگرتنی ئەو بڕیارەیان كرد و بە نایاسایی وەسفیان كرد، چونكە عەرەب ھەموو كێشەیەك بۆ كورد دروست دەكەن".
ناوبراو باسی لەوەش كرد، عەرەب بەشی یەكەمی زەوییەكانی لە كورد وەرگرتووەتەوە، كە ٥٠٠دۆنم زەوی دەبێت، ئەمەش لە رێگەی دادگاكانی كەركووكەوە بووە و پارێزگاریش ئاسانكارییان بۆ دەكات.
دەشڵێ، ئەگەر ئەو گوشارە زۆرەی سەر كورد بەردەوام بێت، كورد ناوچەكە چۆڵ دەكات.
بڵند ئیبراھیم




