٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەرێمی کوردستان تونێلە تەواونەکراوەکان تەواو دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، بڕیارە ئەو تونێلانەی لە ماوەی ڕابردوو دەست پێ کرابوون، تەواو بکرێن و کۆمەڵێک تونێلی نوێش لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێن و چاوەڕێی پارەش دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو ڕێگایانەی تێک چوونە نۆژەنیان بکەینەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە ئەو تونێلانەی کە تەواو نەکراون تەواو بکرێن و ژمارەیەک تونێلی نوێش لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکان دروست دەکرێن، ئەمەش ھەنگاوێکی باشە بۆ کورتکردنەوەی ڕێگاکان و سوودی زۆریشی بۆ ھاتوچۆکردنی شۆفیران ھەیە."

مەریوان مەلا حەسەن گوتیشی: "ئەو تونێلە نوێیانەی دروست دەکرێن بریتین لە تونێلی کۆیە و دەربەندیخان و پێنجوێن و مەتین. ئەوانەی دیکەش کە کاریان تێدا کراوە، تەواو دەکرێن، وەکو ئەوەی مەسیف کە تەواو کرا و تونێلی شەقلاوە و چەند تونێلی دیکەش تەواو دەکرێن."

گوتیشی: "بڕیار بوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست بە نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکان بکەین کە بەھۆی وەرزی زستانەوە تێک چووبوون، بەڵام بەھۆی بارودۆخی دارایی و نەخۆشیی کۆرۆناوە جارێ دەست پێ نەکراون."

گوتیشی: "ھەرکاتێک پارەمان بۆ خەرج کرا دەست بەکار دەکەین و ئەو پلانانەی دامانناون جێبەجێیان دەکەین.''

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار