سۆران، گەشتیاران و ھاووڵاتییان بەردەوامن لە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەرەکە

سۆران - KDP.info - بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ڕایگەیاند، گەشتیاران و ھاووڵاتییان بەردەوامن لە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی دەڤەری سۆران و ڕواندز و مێرگەسۆر. گەشتیاران و ھاووڵاتییان زیاتر ڕۆژانی ھەینی و پشووەکان ڕوو لە سەیرانگاکان دەکەن و، گوتیشی ئامادەکاری دەکەن بۆ بنیاتنانی ھەندێک پرۆژەی تری گەشتیاری لە خەلیفان و سۆران بۆ گرینگیدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "دوێنێ، ھەینی، سەرووی سێ ھەزار بۆ چوار ھەزار گەشتیار و ھاووڵاتی سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی گەلی عەلی بەگ و بێخاڵ و ڕێزان و جوندیان و دۆڵی فەقێیان کردووە، بەڵام ڕۆژانی تر گەشتیاران کەمتر سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن، ئەمەش بەھۆی ڕێنماییەکانی خۆپارێزییەوە خەڵک دەیەوێت دوور بکەوێتەوە لە مەترسیەکانی بەریەکنەکەوتنی ئەم ڤایرۆسە.''
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، ئاماژەی بەوەش دا: "بەردەوام چاودێریی وردی ناوچە گەشتیارییەکان دەکەین لەپێناو خۆپاراستن لەم ڤایرۆسە و ھەموو ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ دەکرێن لە شوێنە گەشتیارییەکان و ھەر گەشتیارێک بەبێ دەمامک و دەستکێش بێت، ئێمە بەسەریاندا دابەش دەکەین."
ناوبراو دەشڵێت: "خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکان بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا بە شێوەیەکی زۆر باش پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستین."
سیروان سابیر




