قایمقامیەتی سۆران: سبەی ھاووڵاتیان دەتوانن دەست بە مامەڵەی تاپۆکردنی خانووەكانیان بكەن

سۆران-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سۆران رایدەگەیەنێت: "ئەو ھاووڵاتیانەی كە خانووی زێدەڕۆیان ھەیە، سبەی دەتوانن سەردانمان بكەن بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان، كە بەپێی رێكارەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، خانووەكانیان تاپۆ دەكرێن".
عەبدولقادر ئیسماعیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانى راگەیاند: "ئاگاداری تەواوی ھاووڵاتیانی سنووری شارەوانیی سۆران دەكەینەوە، كە لەلایەن لیژنەكانی باڵای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانەوە بڕیار دراوە خانووە زێدەڕۆكان تاپۆ بكرێن، بۆیە بەپێی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019، لە رۆژی یەكشەممەوە ڕێكەوتی 14-6-2020 دەتوانن داواكارییەكانیان بھێنن بۆ قایمقامیەتی قەزای سۆران بە مەبەستی دەستپێكردنی ڕێكارەكانی تەملیككردن."
بەرپرسی راگەیاندنی قایمقامیەتی قەزای سۆران ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەمە ھەنگاوێكی گرینگە بۆ سوودگەیاندن بە ھاووڵاتیان كە ماوەیەكی زۆر بەردەوام دەبێت، تاوەكو ھاووڵاتیان بتوانن خانووەكانیان تاپۆ بكەن."
سیروان سابیر




