مەخموور.. ھاوپەیمانان بە ھاوكاریی پێشمەرگە ١٥ داعشیان كوشت

مەخموور-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری مەخموور رایگەیاند، هێزەكانی ھاوپەیمانان بە ھاوكاریی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامن لە بۆردوومانكردنی داعش و، بەو ھۆیەوە ١٥داعش كوژران، بەڵام بۆ بنبڕكردنی داعش، پێویستە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام بدرێت.
لیوا زریان شێخ وەسانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە بەردەوامیی بۆردوومانەكانی ھاوپەیمانان لە سنووری مەخموور و چیای قەرەچووغ بۆ سەر مۆڵگەكانی داعش، ١٥چەكداری دیكەی داعش كوژران و زیانی زۆریش بە مۆڵگەكانیان گەیشتووە".
شێخ وەسانی گوتیشی: "ئەو بۆردوومانانە بە ھاوكاری و زانیاریی ھێزی پێشمەرگەیە، كە پێشمەرگەش ھەموو ھاوكارییەكیان دەكات و ئەوانیش داعش بۆردوومان دەكەن".
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "ھێزی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئەنجام بدرێت، چونكە داعش بە بۆردوومان كۆتایی نایەت، بۆیە پێویستە ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام بدرێت و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ھەیە، بە ھێزی پێشمەرگە پڕ بكرێتەوە، ئەگەر نا داعش بەردەوام دەبێت و كۆتایی نایەت".
بڵند ئیبراھیم




