ئەمڕۆ سایلۆكانی دهۆك بە ڕووی جووتیاراندا دەكرێنەوە

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، سایلۆكانی پارێزگای دهۆك بۆ وەرگرتنی گەنم بە ڕووی جووتیاراندا دەكرێنەوە و، لە رۆژانی داهاتووشدا سایلۆكانی هەولێر و سلێمانیش دەكرێنەوە.
نەوزاد ئەدھەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "ئامادەكارییەكان لە تەواوی سایلۆكان تەواو بووە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سایلۆكانی پارێزگای دهۆك بە فەرمانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەست دەكرێت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆك لە سایلۆكانی زاخۆ و شێخان و فایدە."
ئەدھەم گوتیشی: "بەم زووانە لە سایلۆكانی شاری سلێمانی و هەولێریش دەست دەكرێت بە وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران."
ناوبراو باسی لەوەش كرد: "لیژنەیەكی باڵا لە هەر پارێزگایەك بە سەرۆكایەتیی جێگری پارێزگار و ئەندامیەتیی بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵ و بەڕێوەبەری سایلۆ و بەڕێوەبەری هۆبەی بازرگانی و نوێنەری جووتیاران و نوێنەری ئاسایشی ئابووری، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بەڕێوە دەبەن".
وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق، ئەمساڵ رێژەیەكی كەم كە تەنها ٣٩٠ھەزار تەن دەبێت، گەنمی جووتیارانی ھەرێمی كوردستان وەردەگرێت، لەو رێژەیەش 115 هەزار تەنی بەر جووتیارانی پارێزگای دهۆك دەكەوێت.
نەشوان بەرزنجی




