راگەیاندن لەنێوانی ئازادی و بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیدا

ئازا حەسیب قەرەداخی
میدیا و دەزگاكانی راگەیاندن، وەكوو دامەزراوەیەك، لەگەڵ هاوڵاتی و گروپ و كۆی كۆمەڵگادا لە پەیوەندیدان و هەر دووكیان مافیان لای یەكتر هەیە.
میدیا ئەو مافەی لای كۆمەڵگا و دامەزراوەكانی و تەنانەت هاوڵاتی هەیە كە رێز لە ئازادییەكانی بگرێ، چونكە بوونی میدیا لە كەشێكی ئازاددا، هاوشانی دەستەبەری چەند بنەمایەكی دیكەی وەكوو (جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان، ئاڵووێری ئاشتیانەی دەسەڵات، بەشداری سیاسی، كۆمەڵگای مەدەنی چالاك، بازاڕی ئازاد) بە نیشانە و ماكە سەرەكیەكانی كۆمەڵگای دیموكراسی دادەنرێ.
هاوڵاتیانیش لە چوارچێوەی پرینسیپەكانی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیدا مافی ئەوەیان لەلای میدیا هەیە كە لە زەمینەی ئەو ئازادییەدا كە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن فەراهەم بووە و كاری تێدا دەكەن، لە روی كۆمەڵایەتییەوە ئەرك و بەرپرسیارێتیان دەكەوێتە ئەستۆ و پێویستە پابەندن بەوەی لە كاتی كاركردن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیشەییەكانی خۆیاندا، نەبنە مایەی زیان گەیاندنی ماددی یان مانەوی بە كۆمەڵگا، یان دامەزراوە كۆمەڵایەتییەكان، یان گروپی كۆمەڵایەتی – ئایینی- سیاسی و تەنانەت تاكەكەسیش.
هەڵبەت تێڕوانینی جیاجیا هەیە بۆ دیاریكردنی چەمكی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی و پێناسەیەكی رێكاریی بۆی. هەن راگەیاندن بە پیشەیەك دادەنێن و راستەخۆ دەیبەستنەوە بە بازاڕەوە، بەو مانایە كە راگەیاندن ئامڕازێكە بۆ فرۆشتنی زانیاریی كە بەرامبەر بەوە داهاتی دەست دەكەوێ. ئەمانە كۆی سستمەكە لە پیشەیەك بۆ بازاڕگەرمی و پارە پەیداكردن كورتدەكەنەوە.
بەم هۆیەشەوە تا ئەو رادەیە ئازادی بە خۆیان رەوا دەبینن كە بڵاوكردنەوەی بابەتی وروژێنەر باشترین كاڵایە بۆ فرۆشتن و پەیدا كردنی داهات. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە كار دەكەن و پێوەریی پیشەیی لای ئەمان بۆ هەموو پرسێك، چ كۆمەڵایەتی بێ یان سیاسی تەنانەت هونەری و كولتووریش، تەنیا ئەوەیە كە چەند بازاڕی گەرمە، یان دەكرێ بازاڕ و كایەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگای پێ گەرم بكرێ و بەو هۆیەشەوە ئەمان فرۆشی كاڵاكانیان و دەستكەوتیان زیاتر بێ. لەمەیشدا لە هیچ كارێك ناپرینگێنەوە بە تانەو تەشەر و ناوزڕاندنیشەوە.
دیدگایەكی دیكە هەیە كە راگەیاندن وەك دامەزراوێكی كۆمەڵایەتی فرەوانتر دەبینێ. سەرباری ئەوەی كە راگەیاندن گەیەنەری زانیاریە، ئەركگەلێكی پەروەردەیی و گەشەپێدەر و پێگەیاندنكاری كلتووری و سیاسی و تەرفیهیشی هەیە. بۆیە لەسەر بنەما و بەپێی پێوەری هەر یەك لەم ئەركانە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە ئەستۆ.
راگەیاندن سستمێكە لەناو كۆمەڵگایەكی دیاریكراودا و لە ماوەیەكی دیاریكراویشدا كارەكانی دەكات. مادەم كۆمەڵگایش قەوارەیەكی فرە پێكهاتەیە و هەر یەكێكیش لەمان ئەرك و وەزیفەیەكی هەیە و بە رایەڵی جۆراوجۆری وەزیفیشەوە بەستراونەتەوە بە یەكترەوە.
بۆیە باشی و خراپی ئەدای وەزیفی هەر یەكێك لەم پێكهاتانە كاریگەریی باش یان خراپ دەبێ لەسەر ئەرك و ئەدای ئەوانی دیكەیش. كەواتە هیچ یەكێكیان تەنیا بەرپرسیارێتی وەزیفەكەی خۆی لە ئەستۆ نییە، بەڵكو بەرپرسیارێتی رێكوپێكی بەڕێوەچوونی وەزیفەی گشت ئەوانی دیكەیشی لە ئەستۆیە.
بەم مانایە، نابێ هیچ پێكهاتەیەك كارێك بكات وەزیفەی ئەوانی دیكە بشێوێنێ یان نەخاسمە ببێتە هۆی لەبەریەكهەڵوەشانی وەزیفی و پێكهاتەیی ئەوانی دیكە یان كاریگەری نەرێنی بگاتە ئەو رادەیە كە دوو پێكهاتە یان دوو دامەزراو یان زیاتری ناو نەسەقی كۆمەڵایەتی بە یەكدا بدات . بەڵكو دەبێت وەزیفەكەی تەواوكاری وەزیفەی ئەوانی دیكە بێت. بە واتایەكی دیكە دروست وایە كە هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگا و هەموو دامەزراوەكانی بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتی كۆی كۆمەڵگایان لە ئەستۆیە.
لەم روانگەیەوە، راگەیاندن ئەركگەلێكی گرنگ لە تەواوكاریی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كولتووریدا دەگێڕێ. رۆڵی هەمانگانە و تەواوكارانەی هیچ كەمتر نییە لە پێكهاتە و دامەزراوە كۆمەڵایەتیەكانی دیكە بۆ پاراستنی تەبایی و ئاشتەوایی كۆمەڵگا بەتایبەتی لە قۆناغی گوازراوەییدا كە تێیدا بونیادی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگا دەڵەمەیە و هەموو بەها نەرێتییەكان بە تەواوی لەناونەچوون و بەها نوێكانیش هێشتا بەتەواوی دروست نەبوون و بەردەوام لە حاڵەتی بەریەككەوتندان و پریشكیان لێ دەبێتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم ئەرك و بەرپرسیارێتییە كۆمەڵایەتییە، دامەزراندن و رێكخستنی راگەیاندن بە جۆرێك بتوانێ رۆڵی خۆی لە ئێستاو ئایندەدا بە دروستی ببینێ، بۆ ئەمڕۆی كوردستان مەسەلەیەكی یەكجارگرنگە. ئەركی رێكخستنی راگەیاندنیش بەر لە هەر توێژ و دامەزراوێكی كۆمەڵایەتی و تەنانەت یاسا و رێسایەكی نووسراویش، دەكەوێتە ئەستۆی میدیاكاران خۆیان.
چونكە میدیاكاران كە بەرپرسیارێتی پیشەكە و چەسپاندنی ئازادیان لە ئەستۆیە، بەهەمان رادە بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیشیان بەرامبەر كۆمەڵگاكەیان لە ئەستۆیە. بۆیە پێویستە لە لایەك ئازادی راگەیاندن بچەسپێنن وەكوو بەهایەكی رەسەن و پێویست، لەلایەكی تریشەوە شوێنێكی شیاو بۆ ئەم ئازادییە لەناو بەرپرسیارێتی كۆمەڵایەتیدا دیاری بكەن.




