دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر داواكاریی پەرلەمانتاران بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەیاسا، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆدەبێتەوە.
مونا قەھوەچی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ سەعات ١٢ی نیوەڕۆ دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنەكان كۆببێتەوە و، كۆبوونەوەكەش تەواوكاری كۆبوونەوەی ڕابردووە و بەپێی ماددەی ٦٦ لە پەیڕەوی ناوخۆ، كە باس لەوە دەكات ھەر پرسێك ھەبێت لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پێشكەش كرابێت وەكو پڕۆژەیاسا و داواكاری تاوتوێ دەكرێت یان لەلایەن حكوومەتەوە پڕۆژەیاسا رەوانە بكرێت، بەڵام بە هۆی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆناوە، بەپێی رێنمایی كۆبوونەوەكە بەڕێوە دەچێت.
قەھوەچی گوتیشی، سەرجەم فراكسیۆنەكان بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكەن و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو پڕۆژە و داواكاریانەوە دەكرێت كە پێشكەش كراون.
بڵند ئیبراھیم




