ئاكەپە یاری هەڵە دەكات
عەلی بایرام ئوغڵۆ
شەمای یا چۆنیەتی دیموكراتیكی پەیوەندییەكانی نێوان كۆمەڵگە و سیاسەت، دەوڵەت و سیاسەت و دەوڵەت و كۆمەڵگا دیار و بەر چاوە. ئەم شەمایە خاوەن سێ شكڵ یا خۆ سێ بنەمای سەرەكەیە.
یەكەمین بنەما سەبارەت بە بایەخدان بە نرخە نێونەتەوەییەكانە و سیستەمێكە كە لە چوارچێوەی مافەكانی مرۆڤدا لە سەر بنەمای ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ دادەمەزرێت و ءسیستەمێكی یاساییە و لە لایەن یاساكانەوە بەرێوە دەبرێت. بنەمای دووەمیش سیستەمێكە كە كۆمەڵگە و داواكارییەكانی كۆمەڵگە لە نێویدا خاوەن رۆلی دیاریكەر و سەرەكەن. بێگۆمان ئەم داواكارییانەیش لەگەڵ رۆحی نرخ و بنەما نێونەتەوەییەكاندا یەكسانن و دژایەتی ئەم بنەمایانەیش ناكەن. كاتێك كە ئەم داواكارییانە لە ئاوكێشی سیستەمی جیهانی و نێونەتەوەییدا هەڵدەسەنگێندرێن لەگەڵ بنەماكانی دیكەدا یەك دەگرن و پێكەوە دەبنە هۆكاری دەركەوتنی چەندین بریاری سیاسی و دواتریش ئەخلاق و ئەخلاقی سیاسی لە چوارچێوەی ئەم بریارانەدا دەست بە دانانی یاسایەكی دیموكراتیك دەكات كە لەم یاسایەدا ئاماژە بەوە دەكرێت كە دەسەڵات دەبێت بە هەڵبژاردن دەست پێ بكات و بە هەڵبژاردنیش كۆتایی پێ بێـت. ئەم یاسایە خاوەن چەندین بریارە كە لە رووی یاساییەوە ئەم بریارانە موتڵەقن و بە هیچ شێوەیەك گفتووگۆیان لە سەر ناكرێت.
بنەمای سێیەمیش مەكانیزمی چاودێری كردن لە سەر گۆڕانكارییەكانی نێو بنەمای یەكەم و دووەمە. بێگۆمان ئەم مەكانیزمە لە چوارچێوەی یاسا و ئەخلاقی دیموكراتیكدا ئامادە دەكرن. لە چوارچێوەی بنەمای سێیەمیشدا چاودێری كردن لە سەر كار و چالاكییەكانی ئیدارات بریار و كردەوەكانی سیاسەت لە لایەن دەستەی دادوەری سەربەخۆیەوە جێبەجێ دەكرێت و دەستەی دادوەری سەربەخۆ یا خۆ سیستەمی قەزایی سەربەخۆ یەكێك لە مەرجە نەگۆڕ و سەرەكییەكانی سیستەمی دیموكراتیكە. سیستەم یا دەسەڵاتی سەربەخۆی قەزای لە نێو سیستەمە دیموكراتیكەكاندا لە دەست نیشان كردنی پەیوەندی و ئەركەكانی كۆمەڵەگە لە بەرامبەر سیاسەت، كۆمەڵگە لە بەرامبەر دەوڵەت و دەوڵەت لە بەرامبەر كۆمەڵگە دەستنیشان دەكات و چاودێری وردی هیرارشی نێوان دامودەزگاكانی دەوڵەت و كۆمەڵگە دەكات.
ئەگەر سەیری ئەم شەمایە لە توركیا و لە نێو سیستەمی سیاسی و دادوەری توركیادا بكەین ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە لەبەر نەبوونی شەمایەكی یەمجۆرە توركیا لە مێژووی خۆیدا زۆر شتی خرابی بینیوە و رووبەرووی زۆر زەرەر و زیان بووەتەوە. ئەو كوودەتایانە كە چەپ و راست بوونە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتانە كە بە هەڵبژاردن هاتوونەتە سەر تەخت، دامودەزگا و رێكخراوەكانی دیكە وەكو سوپا كە لە نێو دەزگاكانی دەوڵەتدا خاوەن هێز و كاریگەرین بەڵام هیچ بەرپرسیاریەتییەكی سیاسی ناگرنە ئەستۆی خۆیان و پەیوەندە پێچەوانەكانی نێوان سوپا و پارتە سیاسییەكانی توركیا لە نێو هیرارشی دەوڵەتی توركیادا نموونەیەكی روون و بەرچاوی ئەم زەرەر و زیانانەیە كە توركیا بە هۆی نەبوونی شەمای دیموكراتیك ناچار بووە تەحەمولیان بكات و هەر بۆیە لە نێو توركیادا لە چەند ساڵەی رابردوودا سیستەمی ئاسایشی و پێشەل كردنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤ وەكو بنەمایەكی سەرەكە بوونە و هەر چەند كە دەسەڵاتی دادوەریش لە توركیا دەسەڵاتێكی یاسایی بووبێت بەڵام سیستەمی سیاسی ئاسایشی توركیا هیچ جۆرە مەجاڵێكی نەداوەتە دەسەڵاتی دادوەری توركیا كە رۆلی خۆی بگێڕێت. بێگۆمان هیچ شەكم نییە كە 10 ساڵە توركیا هەوڵ بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە كڵاسیكە دەدات و لەم روویەیشەوە زۆر هەنگاوی گرنگی ناوە.
توركیا لەم دە ساڵەی دواییدا توانی هێز و دەسەڵاتی سوپا لە سەر سیاسەت و دامودەزگاكانی حكوومەت بە رێژەیەكی بەرچاو كەم بكاتەوە و سیستەمێك دابنێت كە گرنگی بە داوكاری كۆمەڵگە و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەكانی تاكەكەس بدات. لە لایەكی دیكەیشەوە سەبارەت بە مەسەلەی كورد و دۆزی كوردیش توركیا توانی لەم دە ساڵەی دواییدا زۆر گۆڕانكاری بنەڕەتی بكات و عەقڵیەتی ئەمنی و ملیتاریستی توركیا سەبارەت بە دۆزی كورد و پرسی كورد بگوڕێت. توركیا توانی لەم چەند ساڵەدا هێزی دەوڵەت و سوپا لە سەر سیاسەت كەم بكاتەوە و گۆڕەپانی سیاسی بكاتە گۆڕەپانی داواكارییەكانی خەڵك. بەڵام لە بەرامبەر ئەمەدا توركیا رووبەرووی خاڵێكی زۆر مەترسیدار بووەتەوە و ئەویش مەسەلەی حكومداری سیاسەت لە سەر خەڵك و كۆمەڵگەیە. گۆشارەكانی حكومرانی سیاسی و دەسەڵاتی ئاكەپە لە سەر كۆمەڵگە و داواكارییەكانی كۆمەڵگە مەترسییەكی یەكجار گەورەیە بۆ سەر پاشە رۆژی كۆمەڵگەی توركیا و یەكێكە لەو یارییە هەرە هەڵانەی كە ئاكەپە لەم دە ساڵەی دواییدا كردوویەتی.
بێجگە لەمەیش هەڵەی دیكەی دەسەڵاتی سیاسی ئەمرۆی توركیا ئەوەیە كە ئەم دەسەڵاتە وردە وردە هەوڵ بۆ لە ناو بردنی سەربەخۆیی دامودەزگا گرنگەكان وەكو دەسەڵاتی دادوەری دەدات و ئەم جۆرە دامودەزگایانە وردە وردە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە دەورپێچ دەكرن و دەكەونە ژێر چاودێری و فەرمانی دەسەڵاتی سیاسییەوە. لە پاڵ ئەمانەیشدا سیاسەت و دەسەڵاتی سیاسی تا رادەیەك گرنگی بە داواكارییەكانی كۆمەڵگەداوە بەڵام خۆی ناوەتە سەر سەری كۆمەڵگە و وەكو بتێك خۆی لە سەر كۆمەڵگە فەرز دەكات. رەنگە ئەم خاڵانە ئەمرۆ توركیا رووبەرووی زەرەر نەكەنەوە و یاخۆ رەنگە كۆمەڵگە ئەمرۆ هەستی بە مەترسییەكانی ئەم شتانە نەكردبێت، بەڵام لە داهاتوویەكی زۆر نزیكدا كۆمەڵگە هەست بەم مەترسییانە دەكات و ئەو كاتە یا دەبێت دەسەڵاتی سیاسی لە ناوببرێت یا دەبێت كۆمەڵگە بە دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری رازی بێت و منیش باوەر ناكەم كە خەڵك وكۆمەڵگەی توركیا بە هیچ شێوەیەك ئامادە بن دان بە دەسەڵاتی سیستەمێكی دیكتاتۆردا بنێت.
سەرچاوە: یەنی شەفەق




